ئەمڕۆ ٢٩ی خەرمانان (٢٠ی سێپتامبەر) یەکەمین ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی مینوو مەجیدی، ڕەزا شەهپەڕنیا، فەرجاد دەروێشی، موحسین محەممەدی و زەکەریا خەیاڵ، لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە شارەکانی کرماشان، ورمێ، دیواندەرە و پیرانشار بوو.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزە ئەمنی و چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی بە ئامادەبوونی بەربڵاو لەو شوێنانەدا کە پێشتر بنەماڵەی ئەم گیانبەختکردوانە بۆ بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ساڵیادیان دەسنیشانیان کردبوو، ڕێگرییان لە بەشداریکردنی خەڵک و بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمەکان کرد.

دامودەزگا ئەمنییەکان هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوودا بە تەلەفۆن هەڕەشەیان لە بنەماڵەی گیانبەختکردوان کردووە و خستوونیانەتە ژێر گوشارەوە تاکوو ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی خۆشەویستەکانیان لەسەر مەزارەکانیان یاخود لە ماڵەوە بەڕێوە نەبەن. بنەماڵەکانی ڕەزا شەهپەڕنیا و موحسین محەممەدی بە بڵاوکردنەوەی پەیام لە لاپەڕەکانی خۆیان لە ئینستاگرامدا ڕایانگەیاندبوو کە لەبەر گوشاری ئەمنی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی خۆشەویستەکانیان بەڕێوە نابەن.