تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە چالاکی کورد محەممەد هووشەنگی کە لە ڕۆژی ٤ی ڕەشەمەوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر دژایەتیکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەگەڵ ئازادبوونیدا مانی لە خواردن گرتووە، تا ئێستایش لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ هەر لە مانگرتندایە.

بە وتەی کەسێکی نزیک لە محەممەد هووشەنگی، لە کۆتاڕۆژەکانی مانگی ڕێبەنداندا بنەماڵەی ئەم چالاکە کوردە کە دانیشتووی گوندێکی شاری جوانڕۆی پارێزگای کرماشانن، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە ئاگادار کرانەوە کە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی منداڵەکەیان گۆڕدراوە بۆ بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی.

دوای چەند ڕۆژ هاتوچۆکردنی بەردەوامی ئەم بنەماڵەیە لە جوانڕۆوە بۆ مەهاباد و جێبەجێکردنی کارە ئیدارییەکانی دانانی بارمتە و لە حاڵێکدا کە چاوەڕێی ئازادبوونی منداڵەکەیان بوون، دادگای شۆڕشی ئیسلامی پێی ڕاگەیاندوون کە لەبەر دژایەتیکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سپا و بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان ناوبراو ئازاد ناکرێت. ئەم چالاکە دەستبەسەرکراوەیش بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر دژایەتیکردنی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لەگەڵ ئازادبوونیدا سەرەڕای دانانی بارمتە، لە ٥ ڕۆژ لەمەوپێشەوە مانی لە خواردن گرتووە.

محەممەد هووشەنگی لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو و لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی چالاکانی کورددا لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە تاران دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ٧ی تیری ئەم دەزگا ئەمنییە لە ورمێ. ناوبراو دوای ٦ مانگ مانەوە لەم دەستبەسەرگەیەدا بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا.