سەرەڕای تێپەڕینی چەندین ڕۆژ بەسەر ئاگرکەوتنەوەی بەربڵاو لە دارستانەکانی شاری مەریواندا، هەوڵی بەردەوام و شەوانەڕۆژیی چالاکانی ژینگەپارێزی مەریوان و تیمەکانی شارەکانی دیکەی کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە هێشتا هەر درێژەی هەیە.

چالاکێکی ژینگەپارێز کە لە ناوچەکەیە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هۆکاربوونی مرۆڤ لە کەوتنەوەی ئەم ئاگرە بەربڵاوەدا، وتی: «قسەکانی هەندێ لە کاربەدەستان و ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکان سەبارەت بە سەرچاوەی ئاگرکەوتنەوەکانی ئەمساڵ کە تەنها بە بەرهەمی گۆڕانکاریی کەشوهەوای لە قەڵەم دەدەن، نەتەنها پێچەوانەی راستییەکانە بەڵکوو لەگەڵ ئەوەیشدا کە ئێمە لە خودی شوێنەکەدا دەیبینن دژایەتیی هەیە».

بە وتەی ئەم چالاکە ژینگەپارێزە، نزیکەی ١٠ ڕۆژ لەمەوپێش هاوکات ئاگرێکی گەورە دوو ناوچەی نزیک لە یەکی گرتەوە؛ دارستانەکانی گوندی «کانی میران» کە بەرەو گوندی «ساوا»یش کشا، لەوبەری زرێباریشەوە دارستانەکانی گوندی «سێف» کە بەرەو دارستانەکانی دەوروبەری خۆی تەشەنەی سەند. بەپێی مەزەندەی ئەنجومەنی سەوزی چیا، لە ئەنجامی ئەم ڕووداوەدا بە گشتی نزیک بە ٤٤٠ هێکتار لە دارستانەکانی ئەم دوو شوێنە لە ئاگردا سووتاوە.

بەڵام لە ڕۆژی ١٠ی گەلاوێژەوە (١ی ئاگۆست) ئەم جارە دارستانەکانی گوندی «ئاسنەوە» لەسەر سنووری هەرێمی کوردستان تووشی ئاگرکەوتنەوە بوو و ئاگرەکە زۆر خێرا بەرەو گوندەکانی تریش تەشەنەی سەند، بەڵام لەبەر بوونی ژمارەیەکی زۆری مین (ئەڵغام)ی پاشماوەی شەڕی ئێران و ئێراق لە شاخەکانی ناوچەکەدا، هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە تا ٣ ڕۆژ دوا کەوت و بە کردەوە ئیمکانی دەسپێکردنی هەوڵەکان نەبوو. هەر بۆیە ئاگرەکە ناوچەیەکی زۆر گەورەی گرتەوە.

لەم ماوەیەدا ژمارەیەکی زۆری مین بە هۆی گەرمای ئاگرەکەوە تەقینەوە و هەر ئەمەش ڕووبەری ئاگرەکەی بەربڵاوتر کردەوە. بە وتەی ئەم سەرچاوە ئاگادارە: «سەرەڕای کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە لە ڕۆژی شەممە ١٣ی گەلاوێژدا (٤ی ئاگۆست) بەڵام دوای ڕۆژێک دیسان ئاگرەکانی ئەم ناوچە سنوورییە سەری هەڵدایەوە و هەتا گوندی «بایەوە»یش کشا کە دیسان لە لایەن چالاکانی ژینگەپارێزەوە کۆنترۆڵ کرا. هاوکات ڕۆژی ١٢ی گەلاوێژ (٣ی ئاگۆست) ئاگرێکی گەورەی دیکە دارستانەکانی گوندی «گومارەلەنگ» لە جادەی مەریوان بۆ سەقزی گرتەوە کە دیسان تیمە خۆبەخشەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە ڕەوانەی ئەو ناوچەیە کران».

گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە ڕووبەری ئاگرکەوتنەوەکان کە ئەنجومەنی سەوزی چیا بڵاوی کردووەتەوە

بەڵام گەورەترین ئاگرکەوتنەوەی ئەمساڵ کاتژمێر ١١ی ڕۆژی ١٢ی گەلاوێژ (٣ی ئاگۆست) ئەمجار لە دارستانەکانی گوندی «دەرەوەران» لە باکووری شاری مەریوانەوە دەستی پێ کرد، ئاگرێکی هێندە گەورە کە ئەنجومەنی سەوزی چیای ناچار کرد داوای یارمەتی لە ئەنجومەن و چالاکانی شارەکانی تری کوردستان بکات. بە وتەی ئەم چالاکە ژینگەپارێزەی کوردستان: «لە ماوەی ١٦ ساڵی ڕابردوودا کە ئەنجومەنی سەوزی چیا لە بواری کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکاندا چالاک بووە، قەت ئاوا ئاگرێکی گەورە و دژوارمان نەبینیبوو. دارستانەکانی گوندی دەرەوەران و گوندە نزیکەکانی تری، لە ڕیزی چڕترین دارستانەکانی کوردستاندان و هەر ئەمەیش کاری کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەی زۆر سەختتر کردەوە».

لە حاڵێکدا کە فەرماندەی یەکەی پاراستنی ڕێکخراوەی سەرچاوە سروشتی و ئاوییەکانی ئێران وتوویەتی کە بەپێی مەزەندەی سەرەتایی ئەوان «نزیک بە ٣٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆس تووشی سووتان بووە»، بەڵام ئەم چالاکە کوردە بۆچوونێکی دیکەی هەیە، ئەو دەڵێت: «ئاگرەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی دەرەوەران جەهەننەمێکی ڕاستەقینە بوو، بەپێی مەزەندە سەرەتاییەکانی ئێمە نزیک بە ١٠٠٠ هێکتار لە سەرچاوە گرنگ و ستراتیژیکەکانی ناوچەکە سووتاون و لە ناو چوون». 

ئەم چالاکە سەبارەت بە شێوازی یارمەتیدانی دامودەزگا دەوڵەتییەکان دەڵێت: «بە داخەوە هەمیشە تا کاتێک ئاگرەکە نەگاتە قۆناغی سەرووقەیران دەوڵەت هیچ هەنگاوێک بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵناگرێت. لەم نموونەیەشدا تەنها دوای ئەوەی هەواڵەکەی زۆر بڵاو بۆوە، لە ژێر گوشاری ڕای گشتیدا هەندێک هاوکارییان کرد کە ئەوەیش بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئاستی قەیرانەکەدا یەکی نەدەگرتەوە».

یەکێکی تر لەو چالاکانەی لە شوێنی ئاگرەکەدایە سەبارەت بەم بابەتە وتی: «بەرپرسانی دەوڵەتی دوو هێلی‌کۆپتەری سەربازییان نارد کە هەر لە بنەڕەتدا ئەم جۆرە کۆپتەرانە بۆ ئاوا کارێک دروست نەکراون و کارێکی ئەوتۆیان پێ ناکرێت، خودی وەرگرتنی سووتەمەنییەکەیان ببووە کێشەیەکی قورس. هەروەها ئیدارەی سەرچاوە سروشتییەکانیش ١٠ تیمی ناردبوو کە ئاستی کاریگەریی ئەوانیش بە هیچ شێوەیەک بە هەوڵ و کاریگەریی چالاکە خۆبەخشەکان بەراورد ناکرێت. تەنانەت کەرەستە و ئیمکانیاتیشیان بەقەد ئەنجومەنی چیا نییە. ئەگەرچی ئەنجومەن کەلوپەلێکی زۆری نییە بەڵام بەوەشەوە لە کەلوپەلی تیمە دەوڵەتییەکان زیاترە».

ئەم چالاکە کوردە لە درێژەدا وتی: «کۆمیتەی سەرپەرشتیی قەیرانەکانی مەریوان بڕیارێکی دەرکردبوو کە لە ئەگەری ئاگرکەوتنەوەدا دەبێ سەرجەم ئیدارەکانی مەریوان کەسانێک بۆ بەشداریکردن لە کۆنترۆڵکردنی ئاگردا بنێرن، بەڵام هاتنی ئەم فەرمانبەرانە زیاتر شتێکی فۆرمالیتە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی ڕووکەشی بڕیارەکە بوو».

بەشداریکردنی چالاکانی ژینگەپارێز و خەڵکی خۆبەخشی شارە جیاوازەکانی کوردستان لە کامپی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکانی مەریواندا

ئەم ژینگەپارێزە سەبارەت بە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو وتی: «تەقریبەن سەرچاوەی هەموو ئاگرکەوتنەوەکانی ناوچەکانی ئێمە دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری مرۆیی، لە کەسانی هەلپەرستەوە تا هەڵەی ئینسانی و… بەڵام کەسانی سەر بە حکومەتیش لە ڕیزی تۆمەتبارانی سەرەکیی ئەم ڕووداوانەدان. بە سەرنجدان بە خاڵی سەرەتای دەسپێکردنی ئاگرەکان کە زۆربەیان نزیک لە بنکە سەربازییەکانی سەرسنوور بوون، دەتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین کە هێزە چەکدارەکانیش دەوری ڕاستەوخۆیان لەم زنجیرە ئاگرکەوتنەوەیەدا بووە و بە ئەنقەست دارستانەکانی ناوچەکە کاول دەکەن».

ئەم هاووڵاتییە چالاکە لە درێژەدا وتی: «لە ساڵانی پێشوویشدا دیاردەی ئاگرکەوتنەوە لە لەوەڕگە و دارستانەکانی کوردستاندا ڕووی داوە، بەڵام ئەمساڵ ڕەوتی ئەم ڕووداوانە زۆر بەربڵاوتر بووەتەوە و ڕووبەرێکی زیاتریشی گرتووەتەوە. ساڵەهایە ئەنجومەنە ژینگەپارێزەکانی کوردستان سەرقاڵی کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکانن، هەم پێوەرە زانستییەکان و هەم ئەزموونە مەیدانییە فراوانەکانی ڕابردوو بۆمان دەسەلمێنن کە هۆکاری مرۆیی بە شێوەیەکی بەئەنقەست خەریکی سڕینەوە و پاکتاوکردنی دارستانەکانی کوردستانە».

لە ساڵانی ڕابردوودا دامەزراوە و چالاکانی ژینگەپارێزی کوردستان بەردەوام لەسەر لێکەوتە لەقەرەبوونەهاتووەکانی کاولکردنی ژینگە بە دەستی هۆکاری مرۆیی، بەتایبەت پاکتاوکردنی سیستماتیکی ژینگە لە لایەن هۆکارە حکومییەکانەوە، هۆشدارییان داوە. ئەوان دەڵێن هێزە چەکدارەکان و دامودەزگا ئەمنییەکانی ئێران بە بیانووی خۆحەشاردانی هێزەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کوردستان لە ناو دارستانەکاندا، دەست دەدەنە پاکتاوکردنی ژینگەی ئەو ناوچانەی ئەگەری هەبوونی ئەم هێزانەیان لێ دەکەن.

ئەوان هەروەها ئاماژە بەوە دەکەن کە کاربەدەستانی حکومەت هیچ بەدواداچوون و سزادانێک ڕووبەڕووی ئەو کەسە هەلپەرستانە ناکەنەوە کە ژینگە کاول دەکەن، ئەمەیش گومانی وابەستەبوونی ئەم کەسانەی بە دامودەزگا ئەمنییەکان لە لای خەڵک زیاتر کردووە. بە تایبەت کە زۆربەی تاک و گرووپە هەلپەرستەکان کە بە زەویخۆر و دارستانخۆر ناسراون، لە لایەن خەڵک و دامەزراوە مەدەنییەکانی کوردستانەوە ناسراونەتەوە و هیچ شتێکی نهێنی نەماوەتەوە، کەچی سەرەڕای ئەمەیش ئەو گرووپانە قەت ڕووبەڕووی سزادان نابنەوە. 

هەوڵی شێلگیرانەی چالاکانی ژینگەپارێز و خەڵکی خۆبەخش بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکان

لە زنجیرە ئاگرکەوتنەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی مەریواندا تا ئێستا ٢٠ چالاکی خۆبەخش بریندار بوون کە برینی دوو کەسیان جیدیتر بووە و ئەوانی تریان هەر لە شوێنی ڕووداوەکاندا چارەسەریان بۆ کراوە.

شەوی ڕابردوو قۆناغی یەکەمی کۆنترۆڵکردنی ئاگری بەربڵاوی دارستانەکانی دەرەوەران و گوندەکانی دەروبەری کۆتایی پێ هات و ئێستە چالاکانی ژینگەپارێز خەریکی بێخەمکردنی ناوچەکە و لەناوبردنی زەمینەکانی هەڵگیرسانەوەی دووبارەی ئاگرەکەن.

ئەنجومەنی سەوزی چیا کە سەرپەرشتیی ئەم کەمپەینەی لە ئەستۆیە، ڕایگەیاندووە کە لە زۆرێک لە شارەکانی کوردستانەوە تیمە خۆبەخشەکانی ئاگرکوژاندنەوە خۆیان گەیاندووەتە مەریوان و دەورێکی بەرچاویان لەم کەمپەینە شەوانەڕۆژییەدا بووە.

کەسێکی خۆبەخش کە لەم چالاکییەدا بەشداریی کردووە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا وتی: «بە سەدان خۆبەخش بە نۆبە لەم چالاکییەدا بەشدارن، بە شێوەیەک کە لانیکەم ١٠٠٠ کەس بەردەوام لە ناوچەی قەیراندا ئامادەن و دوای چەند کاتژمێرێک کەسانی تازەنەفەس جێی ئەوان پڕ دەکەنەوە».

ئەم هاووڵاتییە خۆبەخشە زیادی کرد: «ئامادەبوونی ژنان لە سەرجەم قۆناغەکاندا زۆر بەرچاوە، جیا لە دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ تیمە خۆبەخشەکانی ئاگرکوژاندنەوە، هەندێ لە ژنانیش ڕاستەوخۆ لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەدا بە شێوەی شەوانەڕۆژی بەشدارییان کردووە. خەڵکیش پشتیوانییەکی زۆر بەربڵاویان لە کامپەکەی ئەنجومەنی چیا بۆ کۆکردنەوەی یارمەتییەکان کردووە و سەرجەم خۆراکی پێویست لە لایەن خەڵکەوە دابین کراوە».

ئەنجومەنی سەوزی چیا بۆ یەکەم جار کامپی دیاریکراوی لە هەندێ خالی نزیک لە شوێنی ئاگرکەوتنەوەکان کردووەتەوە و ڕێکخستنی تیمەکان لەم کامپانەوە جێبەجێ دەکات. ئەم ئەنجومەنە لە بانگەوازەکانی خۆیدا داوای لە خەڵک کردووە کە جیا لە دابینکردنی کاڵا و خۆراک، یارمەتییە ماڵییەکانیشیان بۆ حسێبی بانکیی ئەنجومەن بنێرن، چونکوو هەندێ لە کەرەستە پێویستەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگر لە بازاڕدا نادۆزرێنەوە و دەبێ بە تایبەتی داوای دروستکردنیان بکرێت.

لە ساڵانی ڕابردوودا ژمارەیەک لە ژینگەپارێزانی کوردستان لە کاتی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکاندا گیانیان لە دەست داوە، لەوانە شەریف باجوەر و ئومید حسەینزادە کە لە ئەندامانی دیاری ئەنجومەنی سەوزی چیا بوون. هەروەها دامودەزگا ئەمنییەکان تا ئێستە بە دەیان چالاکوانی ئەم بوارەیان دەستبەسەر کردووە و دۆسیەی یاساییان لەسەر کردوونەتەوە. لە دوایین حاڵەتدا پێنج چالاکی ژینگەپارێزی مەریوان بە ناوەکانی ئازاد ڕۆحی، لایەق ئەحمەدی، سەرکەوت عیبادی، ئالان ئەردەشیری و دلێر محەممەدی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن دامودەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون کە تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر بارودۆخ و چارەنووسیان بەردەست نەکەوتووە.

ژمارەحسێبی بانکیی ئەنجومەنی سەوزی چیا بۆ وەرگرتنی یارمەتییە ماڵییەکان: 6104337913074793