لە درێژەی گوشارەکاندا بۆ سەر بنەماڵەی دادخوازان، ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی خەرمانان (٢٧ی ئاگۆست) شەهرووز حسەینپووری، برای ئازاد حسەینپووری لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد، دوای بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بۆ ماوەی چەند کاتژمێر دەستبەسەر کراوە و دوای وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو ئازاد کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە شەهرووز حسەینپووری ڕۆژی ڕابردوو ٤ی خەرمانان (٢٦ی ئاگۆست) بە تەلەفۆن بانگ کراوە بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد و داوای لێ کراوە ڕۆژی یەکشەممە خۆی ڕادەستی ئەم دەزگا ئەمنییە بکات.

ئەم هاووڵاتییە ئەمڕۆ یەکشەممە دوای سەردانکردنی بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد، بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر خراوەتە ژێر هەڕەشە و لێپرسینەوەی هێزەکانی ئەم دەزگا ئەمنییەوە و دوای وەرگرتنی بەڵێننامەی نووسراو لەمەڕ بەشدارینەکردن لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی گیانبەختکردوانی ئەم شارەدا، ئازاد کراوە.

هێزە ئەمنییەکان هەروەها پێیان ڕاگەیاندووە کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا خۆی و ئەندامانی تری بنەماڵەکەی دەبێ بە مۆبایل و پاسپۆرتەکانیانەوە سەردانی ئەم دەزگا ئەمنییە بکەن.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ٢٢ی پووشپەڕی ئەمساڵدا (١٣ی جولای) ئەم هاووڵاتییە لەگەڵ ٤ ئەندامی تری بنەماڵەکەیدا بە ناوەکانی شیما حسەینپووری، شیرین حسەینپووری، فەریبا حسەینپووری و ڕەحمان ئیسماعیلی، بانگهێشتی بەردەم بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کرابوون و بۆ ماوەی جەندین کاتژمێر لەسەر چالاکییەکانیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خرابوونە ژێر لێپرسینەوە.

بانگهێشتکردنی ئەم هاووڵاتیانە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات بەبێ هیچ مۆڵەتێکی یاسایی و تەنها لە ڕێی تەلەفۆنەوە بووە.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد لە سەرەتای مانگی پووشپەڕدا (کۆتایی ژوەن) دروستکەری بەردەقەبرەکەی ئەم گیانبەختکردووەیان بانگهێشت و هەڕەشەیان لێ کردبوو ئەگەر وشەی «شەهید» لەسەر بەردەکە نەسڕێتەوە، شوێنی کارەکەی دادەخرێت. هەر بۆیە لەژێر ئەم گوشار و هەڕەشانەدا وشەی «شەهید» لەسەر بەردی سەر گۆڕەکەی ئەم گیانبەختکردووە سڕایەوە.

ئازاد حسەینپووری، ٣١ ساڵان، خوێندکاری پزیشکی و ددانسازی خەڵکی مەهاباد، لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزانی ١٤٠١ (١٧ی نۆڤامبری ٢٠٢٢) لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ئەم شارەدا کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە ئەمنییەکان و گیانی بەخت کرد.