جەعفەر (دارا) ئەمینی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و چالاکی مەدەنیی خەڵکی بۆکان، ڕۆژی شەممە ٢٦ی جۆزەردان (١٥ی ژوەن) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٦ی جۆزەردان (١٥ی ژوەن) هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەم چالاکە مەدەنییە و بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەریان کردووە.

سەرەڕای بەدواداچوون و سەردانکردنی بنەماڵەکەی بۆ دامودەزگا ئەمنییەکان و دادگای بۆکان، تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ئەم چالاکە مەدەنییە بەردەست نەکەوتووە.

دارا ئەمینی پێشتریش لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ١٣٩٦دا (١٤ی مارسی ٢٠١٨) لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی خەڵکی بۆکان دژ بە هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و لە ڕێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٧دا (١٧ی ئاوریلی ٢٠١٨) بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە جۆزەردانی هەمان ساڵدا (ژوەنی ٢٠١٨) لە لایەن یەکێک لە لقەکانی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا.