چەند کەسێکی خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری کوێستانی «کۆساڵان»ی  شاری سەوڵاوای پارێزگای کوردستان لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا باس لە تۆپبارانکردن و هەناردنی هێزەکانی سوپا بۆ ئەم کوێستانە دەکەن.

بە وتەی ئەم شایەتحاڵانە، هێزەکانی سوپای پاسداران سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٢٢ی جۆزەردان (١٢ی ژوەن) بەشێک لە چیای کۆساڵانیان لە بەرزاییەکانی گوندی «ڕەزاو» تۆپباران کردووە و نیوەڕۆیش کاروانێکی سەربازیی هێزەکانی سوپای پاسداران بە چەندین شۆفڵەوە ڕەوانەی ئەم ناوچەیە کراون: «دوابەدوای تۆپبارانکردنی بەرزاییەکانی کۆساڵان، ژمارەیەک لە هێزەکانی سوپای پاسداران بە چەندین شۆفڵەوە لە سەربازگەی سوپا لە کۆساڵاندا جێگیر کراون و ژمارەیەکی تریشیان بە مەبەستی دروستکردنی جادە و جێگیربوون لە بەرزاییە ستراتیژیکەکانی ناسراو بە «هەواری ڕاسەبان»دا ڕەوانەی ئەم ناوچەیە کراون».

ئەم سەرچاوانە لە درێژەدا ئاماژەیان بەوەش کرد کە کاتژمێر ٢٢ی شەو دەنگی چەندین تەقینەوەی قورسیان لە شوێنی جێگیربوونی ئەم هێزانەوە بیستووە و تا ئێستا دەرنەکەوتووە کە ئایا تێکهەڵچوونی سەربازی ڕووی داوە یاخود سوپای پاسداران شوێنی جێگیربوونی هێزەکانی خۆیانی تۆپباران کردووە.

حەفتەی ڕابردوویش هێزەکانی سوپای پاسداران لە دەوروبەری زنجیرەچیای شاهۆ لە شارەکانی ڕوانسەر، پاوە و سەوڵاوای پارێزگاکانی کرماشان و کوردستاندا جێگیر کراون و ئەم کوێستانەیان بە درۆن بۆردومان کردووە.

ناوچە پارێزراوەکانی شاهۆ و کۆساڵان بە ڕووبەری ٥٧،٢٣٦ هێکتار کەوتووەتە نێوان شارەکانی سەوڵاوا، ڕوانسەر، پاوە، مەریوان و کامێرانەوە و لە سنووری هەرێمی کوردستاندایە. ئەم ناوچە کوێستانییە بەپێی یاسای ژمارە ٣٠٣ی شۆرای باڵای ژینگە (کۆمیسیۆنی ژێرخانەکانی دەوڵەت) ساڵی ١٣٨٨ (٢٠٠٩) وەک ناوچەی پارێزراو و لەژێر بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای ژینگەپارێزیی ئێراندا لە قەڵەم دراوە.

لە ساڵی ١٣٨٦ـەوە (٢٠٠٧) هێزەکانی سوپای پاسداران بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکاندا چەندین سەربازگەیان لە ناوچە پارێزراوەکانی شاهۆ و کۆساڵان دروست کردووە. سەرەڕای ناڕەزایەتی و دەنگهەڵبڕینی چالاکانی ژینگەپارێز، ڕووبەرێکی بەربڵاوی لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەم ناوچەیە لە ئەنجامی دروستکردنی سەربازگە و ڕاکێشانی جادەدا بۆ ناوەندە سەربازییەکان تێک دراوە. هەروەها ئەم هێزانە بە ئەنقەست ئاگریان لە لەوەڕگە و دارستانەکانی دەوروبەری سەربازگەکان بەر داوە، ئەوەیش لەژێر ناوی «ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی دار و دەوەنی ناوچەکە لە لایەن هێزەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانەوە بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی حکوومەت».