سوپای پاسداران لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بیانووی مانۆڕی سەربازییەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی شارەکانی کامێران، سەوڵاوا و مەریوانی پارێزگای کوردستان، ئەم ناوچانەی بە قورسی میلیتاریزە کردووە و هاوکات لەگەڵ تۆپبارانکردنی چیای کۆساڵاندا، ڕۆژی ڕابردوو بۆ ماوەی دوو کاتژمێر چیای «قەلەبەرد»ی مەریوانیش لە لایەن سوپاوە تۆپباران کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو کاروانێکی سەربازیی سوپای پاسداران کە بە تۆپ و کاتیوشا تەیار کرابوون، لە دەوروبەری گوندەکانی «چۆڕ» و «نەنە»ی مەریوان جێگیر کراون و شاخەکانی دەوروبەری ئەم گوندانە و لەوانە قەلەبەردیان تۆپباران کردووە. لە ئەنجامی تۆپبارانکردنەکانی سوپای پاسداراندا، لە بەشێکی گەورەی لەوەڕگەکانی ئەم ناوچەیەدا ئاگر کەوتووەتەوە.

هەروەها بەپێی هەندێ ڕاپۆرت کە هێشتا پشتڕاست نەکراونەتەوە، لە نزیک گوندی «دەرەناخێ»ی سەوڵاوا تێکهەڵچوون و شەڕ لە نێوان سوپای پاسداران و هێزەکانی پژاکدا ڕووی داوە. دەوترێت شەوی ڕابردوو و دوابەدوای تێکهەڵچوونی نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و گەریلاکانی پژاک لە شاخەکانی دەوروبەری ئەم گوندە، کەشێکی قورسی سەربازی باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە.

لە ماوەی دوو حەفتەی ڕابردوودا قەرارگاکان (بنکە سەربازییەکان)ی ڕۆژئاوای نەجەفی ئەشرەف، شەهرامفەر و سوپای بەیتولموقەدەس لەژێر ناوی بەڕێوەبردنی مانۆڕی سەربازیدا ناوچە شاخاوییەکانی دەوروبەری چیاکانی شاهۆ و کۆساڵانیان میلیتاریزە کردووە. حەفتەی ڕابردوو سوپای پاسداران چیای شاهۆی بە چڕی تۆپباران کرد و لە دوو ڕۆژی ڕابردوویشدا کاروانە سەربازییەکانی سوپای پاسداران لە گوندەکانی دەوروبەری چیای کۆساڵان لە سەوڵاوای پارێزگای کوردستان جێگیر کراون و ئەم ناوچە شاخاوییەیان تۆپباران کردووە.

هاوکات لەگەڵ ئەم مانۆڕە سەربازییەدا، لە چەند حەفتەی ڕابردوودا سوپای پاسداران هێزە چەکدارەکانی خۆی بە شێوەیەکی بەربڵاو بەرەو ناوچە سنوورییەکانی شنۆ، سەردەشت، پیرانشار و بانە ڕەوانە کردووە.