لەسەر چارەنووسی ڕامین گورگانی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران کە ٨ ڕۆژ لەمەوپێش لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم هاووڵاتییە ڕۆژی ١٥ی ڕەشەمە (٥ی مارس) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری کامێران دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

ڕامین گورگانی لە ڕۆژانی ڕابردوو و لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا ڕایگەیاندووە کە لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیدایە، بەڵام تا ئێستا لە مافی دیداری بنەماڵە و بەهرەمەندبوون لە پارێزەر بێبەش کراوە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٥٤ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشاندا بە تۆمەتی سیاسی و مەزهەبی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. زۆربەی ئەم دەستبەسەرکراوانە هێشتا لە دەستبەسەرگە یان زینداندان و لەسەر چارەنووسی هەندێکیشیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە. ٨ کەسیشیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون.