چوار هاووڵاتی و چالاکوانی کورد بە ناوەکانی عەبدوڵڵا ڕەهنەوەرد، حسەین ساعیدمووچشی، حامید ئەمینی و ڕەشاد پەرویزی کە لە کۆتاییەکانی مانگی ڕێبەندانی ئەمساڵدا (ناوەڕاستی فێبرییەی ٢٠٢٤) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی مەریوان، مووچش و کامێران دەستبەسەر کرابوون، هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی سنەدا دەستبەسەرن.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، عەبدوڵڵا ڕەهنەوەرد، هاووڵاتیی خەڵکی مەریوان، ڕۆژی ٢١ی ڕێبەندان (١٠ی فێبرییە) لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لەم شارەدا دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی شەهرامفەری ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییە لە شاری سنە.

هەروەها حسەین ساعیدمووچشی، هاووڵاتیی خەڵکی مووچش کە دوو منداڵی ئەندامی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستانن، ڕۆژی ٢٤ی ڕێبەندان (١٣ی فێبرییە) لە ماڵەکەی خۆی لەم شارەدا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و ئەویش گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی شەهرامفەر لە شاری سنە.

حامید ئەمینی، هاووڵاتییەکی دیکەی کورد کە ئەویش برایەکی ئەندامی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان بوو و چەند ساڵ لەمەوپێش لە تێکهەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی ئەرتەشی تورکیا گیانی بەخت کرد، ڕۆژی ٢٥ی ڕێبەندان (١٤ی فێبرییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە گوندی لەنجئاوای مەریوان دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

هەروەها ڕەشاد پەرویزی، ئەندامی ئەنجومەنی فەرهەنگی-کۆمەڵایەتیی «نۆژین» کە ڕۆژی ٢٨ی ڕێبەندان (١٧ی فێبرییە) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە کامێران دەستبەسەر کرابوو، گوازراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە.

ئەم هاووڵاتیانە لە کاتی دەستبەسەرکرانەوە تا ئێستا لە مافی بەهرەمەندبوون لە پارێزەر و دیداری بنەماڵەکانیان بێبەش کراون.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕابردوودا لانیکەم ٥٤ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشاندا بە تۆمەتی سیاسی و مەزهەبی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. زۆربەی ئەم دەستبەسەرکراوانە هێشتا لە دەستبەسەرگە یان زینداندان و لەسەر چارەنووسی هەندێکیشیان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە. ٨ کەسیشیان بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندان کراون.