مانۆڕی سەربازی-ئەمنیی سوپای پاسداران کە لە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕەوە (١٧ی جولای) لە بەرزاییەکانی «قۆری قەڵا» و «پیازەدۆڵ»ی کوێستانی شاهۆ لە پارێزگای کرماشان دەستی پێ کردووە، بۆ ماوەی سێ ڕۆژی دیکە درێژ کراوەتەوە و سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە ئەو ناوچە پارێزراوە تۆپباران دەکات.

چەندین کەس لە دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری کوێستانی شاهۆ لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا دەڵێن کە لە ڕێکەوتی ٢٧ی پووشپەڕدا (١٧ی جولای) سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە بۆ ماوەی ٦ ڕۆژ قەدەغەی هاتوچۆکردن بۆ کوێستانی شاهۆ لە نێوان «قۆری قەڵا» و «پیازەدۆڵ»دا دانراوە.

بە وتەی ئەم کەسانە، ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی سوپای پاسداران بە بیانووی مانۆڕی سەربازی-ئەمنییەوە لە ناوچەکەدا جێگیر کراون.

لە کاتێکدا کە وا بڕیار بووە ئەم مانۆڕە لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژدا (٢٦ی جولای) کۆتایی پێ بێت، بەڵام سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە مانۆڕەکە بۆ ماوەی ٣ ڕۆژی دیکە درێژ کراوەتەوە و ئەو ناوچانە تۆپباران و گوللەباران دەکرێن.

ناوچە پارێزراوەکانی شاهۆ و کۆساڵان بە ڕووبەری ٥٧،٢٣٦ هێکتار کەوتووەتە نێوان شارەکانی سەوڵاوا، ڕوانسەر، پاوە، مەریوان و کامێرانەوە و لە سنووری هەرێمی کوردستاندایە. ئەم ناوچە کوێستانییە بەپێی یاسای ژمارە ٣٠٣ی شۆرای باڵای ژینگە (کۆمیسیۆنی ژێرخانەکانی دەوڵەت) ساڵی ١٣٨٨ (٢٠٠٩) وەک ناوچەی پارێزراو و لەژێر بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای ژینگەپارێزیی ئێراندا لە قەڵەم دراوە.

بە وتەی چالاکانی ژینگەپارێز، لە ساڵی ١٣٨٦ـەوە (٢٠٠٧) هێزەکانی سوپای پاسداران بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکاندا چەندین سەربازگەیان لە ناوچە پارێزراوەکانی شاهۆ و کۆساڵان دروست کردووە و هەموو ساڵ لە مانۆڕە سەربازییەکاندا بەشێکی گەورە لەو ناوچانە دەسووتێن.

 سەرەڕای ناڕەزایەتی و دەنگهەڵبڕینی چالاکانی ژینگەپارێز، ڕووبەرێکی بەربڵاوی لەوەڕگە و دارستانەکانی ئەم ناوچەیە لە ئەنجامی دروستکردنی سەربازگە و ڕاکێشانی جادەدا بۆ ناوەندە سەربازییەکان تێک دراوە. هەروەها ئەم هێزانە هەموو ساڵێک بە ئەنقەست ئاگر لە لەوەڕگە و دارستانەکانی دەوروبەری سەربازگەکان بەر دەدەن و دەیسووتێنن، ئەوەیش لەژێر ناوی «ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی دار و دەوەنی ناوچەکە لە لایەن هێزەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانەوە بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی حکوومەت».