بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی پووشپەڕ (٩ی جولای) هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سوپای پاسداران لە گوندی «تاژاندەرە»ی شنۆ گەمارۆی ماڵێکیان دا و لەگەڵ گرووپێکی چەندکەسی لە ئەندامانی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا کەوتنە شەڕەوە. لەم تێکهەڵچوونەدا کە بۆ ماوەی چەندین کاتژمێر درێژەی هەبوو، لانیکەم یەک کەس کوژراوە و کەسێکی دیکەیش دوای برینداربوون لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە.

دوای تێکهەڵچوونەکە، بەشی پێوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای هێزی زەمینیی سوپای پاسداران وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە ڕایگەیاندووە کە «تیمێکی چەندکەسیی دژەشۆڕش کە دەیانویست لە سنوورەکانی باکووری ڕۆژئاواوە بێنە ناو خاکی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، کەوتنە بۆسەی هێزەکانی ئەم قەرارگایەوە و تێک شکێنران».

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی پووشپەڕ (٩ی جولای) کاروانێکی سەربازیی پڕچەککراو بە چەکی سووک و نیوەقورس گەمارۆی گوندی «تاژاندەرە»ی شنۆیان داوە و لەگەڵ گرووپێکی چەندکەسی لە ئەندامانی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا کەوتوونەتە شەڕەوە.

هێزەکانی سوپای پاسداران بە ئارپی‌جی تەقەیان لە ماڵێک لە قەراخی گوندەکەدا کردووە و لە ئەنجامی ئەم تێکهەڵچوونە چەندکاتژمێرییەدا کەسێک کە ناسنامەکەی نادیارە کوژراوە و کەسێکی دیکەیش دوای برینداربوون لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە.

لەو دیمەنانەدا کە لە شوێنی تێکهەڵچوونەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، دەبینرێت کە چەندین ئەسبیش کەوتوونەتە بەر تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران و کوژراون.

قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سوپای پاسداران لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا بەبێ ئاماژەکردن بە ئاماری کوژراوان تەنها باسی لە کوژران و برینداربوونی چەندین کەس لە ئەندامی گرووپێکی ئۆپۆزیسیۆن کردووە.

لەسەر ناسنامەی ئەو دوو کەسە کوژراو و بریندارە تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدا کە فەرماندەییەکەی لە شاری ورمێدایە، لە ناسراوترین قەرارگاکانی سوپای پاسدارانە کە ساڵی ١٣٦٠ (١٩٨١) دوای دەسپێکردنی شەڕی نێوان هێزەکانی سوپا و ئەندامانی حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان دروست کرا.

بەرپرسایەتیی هێرش و چالاکیی دژ بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکان لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و کوردستان و هەرێمی کوردستان لە ئەستۆی ئەم قەرارگایەدایە.