لە یەک حەفتەی ڕابردوودا، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران بە دروستکردنی جادە و بنکەی سەربازی، بەشێک لە بەرزاییەکانی کوێستانی پارێزراوی شاهۆ لە گوندی «شمشێر»ی شاری پاوەی تێک داوە.

چەند هاووڵاتییەکی خەڵکی ناوچەکە لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایانگەیاند کە لە یەک حەفتەی ڕابردوودا سوپای پاسداران بە مەبەستی دروستکردنی جادەیەکی سەربازی لە بەرزاییەکانی «زاولیی گەورە» و «زاولیی بووچک»، کاروانێکی کەرەستەی جادەسازیی ڕەوانەی ناوچەکە کردووە و بەشێکی بەرچاوی ئەو دەڤەرە پارێزراوەی کاول کردووە.

بە وتەی ئەم هاووڵاتیانە، سوپای پاسداران هاوکات لەگەڵ ڕاکێشانی جادەدا، بە مەبەستی دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی و شوێنی نیشتنەوە هەلیکۆپتەریش سەرقاڵی شێواندنی هەمان ئەو دوو خاڵە کوێستانییەیە. هەروەها بەشێک لە ناوچەی «پیازەدۆڵ»ی شاهۆیش هەر بە مەبەستی دروستکردنی جادە کاول کراوە.

ناوچە پارێزراوەکانی شاهۆ و کۆساڵان بە ڕووبەری ٥٧،٢٣٦ هێکتار کەوتووەتە نێوان شارەکانی سەوڵاوا، ڕوانسەر، پاوە، مەریوان و کامێرانەوە و لە سنووری هەرێمی کوردستاندایە. ئەم ناوچە کوێستانییە بەپێی یاسای ژمارە ٣٠٣ی شۆرای باڵای ژینگە (کۆمیسیۆنی ژێرخانەکانی دەوڵەت) ساڵی ١٣٨٨ (٢٠٠٩) وەک ناوچەی پارێزراو و لەژێر بەڕێوەبەرایەتیی دەزگای ژینگەپارێزیی ئێراندا لە قەڵەم دراوە.

سوپای نەبیی ئەکرەمی پارێزگای کرماشان و سوپای بەیتولموقەدەسی پارێزگای کوردستان لە ساڵی ١٣٨٦ـەوە (٢٠٠٧ بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سەر بە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکاندا چەندین سەربازگە و تاوەری چاودێرییان لە ناوچە پارێزراوەکانی شاهۆ و کۆساڵان دروست کردووە و بە ڕاکێشانی جادە بۆ بنکە سەربازییەکانیش بەشێکی بەرچاوی ناوچەکەیان تێک داوە. سەرباری ئەوەی هەموو ساڵ لە مانۆڕە سەربازییەکانیشدا بەشێکی گەورە لەو ناوچانە دەسووتێنن.

سەرەڕای ناڕەزایەتی و دەنگهەڵبڕینی چالاکانی ژینگەپارێز و دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری ئەو کوێستانە، پرۆسەی دروستکردنی جادە و بنکە و بارەگای سەربازی هەر بەردەوامە و لە چەند ساڵی ڕابردوویشدا سوپای پاسداران چەندین مانۆڕی سەربازیی لەو ناوچەیەدا بەڕێوە بردووە. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر لە چەندین ڕاپۆرتی وێنەییدا هەندێ دیمەنی شێواندن و ئاگرتێبەردانی شاهۆی لە کاتی مانۆڕە سەربازییەکاندا بڵاو کردەوە کە پەرچەکرداری کاربەدەستانی ئەودەمی سوپای پاسدارانی لێ کەوتەوە.

ڕۆژی ١٥ی ڕەزبەری ١٣٩٧ (٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨) سەردار محەممەدحسەین ڕەجەبی، فەرماندەی ئەودەمی سوپای کوردستان، لە وتووێژ لەگەڵ ڕاگەیاندنە دەوڵەتییەکاندا، سەبارەت بە پەرچەکردارەکان لە بەرانبەر مانۆڕی سەربازیی موحەڕەم لە ناوچەی پارێزراوی شاهۆدا وتی: «دوژمنان لەبەر ئەوەی نیگەرانی بەهێزبوونی سوپان پەراوێزسازی بۆ مانۆڕە ئەمنییەکانمان دەکەن و بە جۆرێک گرێ دەروونییەکانی خۆیان لە ڕێی ئەم قسە لاوەکیانەوە بەتاڵ دەکەنەوە.» ئەم فەرماندەیە پەرچەکرداری چالاکانی ژینگەپارێزیشی وەک «پەراوێزسازیی ڕاگەیاندنە دژبەرەکان» لە قەڵەم دابوو: «ئەو ناوچەیەی بۆ بەڕێوەبردنی مانۆڕی ئەمنیی موحەڕەم لە کامێراندا (ناوچەی شاهۆ) دیاری کراوە، هیچ گژوگیایەکی تێدا ناڕوێت و تەنها بەرد و گاشەبەردی تیایە. کاتی بەڕێوەچوونی مانۆڕەکەیش بە جۆرێک دانراوە کە تەنانەت یەک کەسیش لە خەڵکی ناوچەکە چییە هەر بە ڕێکەوتیش لەو دەوروبەرەدا نەبێت و بەوپەڕی دڵنیاییەوە پێتان دەڵێم کە ئەم مانۆڕە بچووکترین خەسارێکی بۆ ژینگەی ناوچەکە بەدواوە نابێت و ئەم پەراوێزسازی و قسە لاوەکیانە کارێکی پڕ لە ڕق و دوژمنکارانەیە.»

هەروەها سوپای پاسداران بە درێژایی چەند ساڵی ڕابردوو، هەموو ساڵ لە وەرزی بەهار و پاییزدا بە ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ بۆ کوێستانی شاهۆ، تۆپبارانی ئەو ناوچە پارێزراوە دەکات.