بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢ی ڕەشەمە (٢١ی فێبرییە) سزای لەسێدارەدانی سێ بەندکراو بە ناوەکانی سەعدوڵڵا فەڕوخی جەرەمی، وەحید بەیزایی و ئەمیرعەلی بایرۆمی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)یان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کراوە.

ئەم سێ بەندکراوە نیوەڕۆی ٣٠ی ڕێبەندان (١٩ی فێبرییە) بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمەکانیان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون.

پێشتر و لە بەرەبەیانی پێنجشەممە ٢٧ی ڕێبەنداندا (١٦ی فێبرییە) دوو بەندکراوی تر بە ناوەکانی حەسەن تەیران و نجوومی مورادی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)یان بۆ دەرچووبوو، لەم زیندانەدا لە سێدارە درابوون.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە دوو حەفتەی ڕابردوودا لانیکەم ٧ بەندکراو لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دراون.