بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٠ی گوڵان (١٠ی مەی) سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی محەممەدسابیر پەیامیان کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کراوە.

ئەم زیندانییە ٣٤ ساڵەیەی خەڵکی شابات ساڵی ڕابردوو بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوو و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچووبوو.

پێشتر و لە ڕێکەوتی ١٥ی گوڵاندا (٥ی مەی) ٤ بەندکراوی تر بە ناوەکانی مێهدی تەیمووری، داوود مەحموودیار، بێهزاد حەنیفی و فەرامەرز شەخسی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە درابوون.