بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٨ی گوڵان (١٨ی مەی) سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی مستەفا ساڵحی و جەمشید کەریمی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی سنە جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی شەممە ٢٣ی گوڵان (١٣ی مەی) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە بەندی پوویشی ٥ی زیندانی ناوەندیی سنەوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ ٢٨ی گوڵان (١٨ی مەی) سزای لەسێدارەدانی مستەفا ساڵحی جێبەجێ کرا، هاوکات لە دۆسیەکەی جەمشید کەریمیدا بنەماڵەی کوژراوەکە ئامادە ببوون بە ٤ میلیارد تمەن دیە ڕەزایەت بە بکوژەکە بدەن، هەر بۆیە سزاکە بە شێوەی کاتی ڕاگیرابوو و جەمشید کەریمی گەڕێنرابوویەوە بۆ ناو بەند. بەڵام پاش ماوەیەک دیسان برابوویەوە بۆ شوێنی جێبەجێکردنی سزاکە و لە سێدارە درابوو.

جەمشید کەریمی، خەڵکی دێولان و دانیشتووی سنە و مستەفا ساڵحی، خەڵکی گوندی «دزڵی»ی سەوڵاوا، پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرابوون و سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)یان بۆ دەرچووبوو.