بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی ١٩ی جۆزەردان (٩ی ژوەن) سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی جەعفەر محەممەدپوور و قوباد فەرهادپوور کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی پێشووتری لەگەڵ ژنێکی زیندانیدا بە ناوی پەروین مووسەوی بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون، بەرەبەیانی هەینی ئەم دوو زیندانییە لە سێدارە دران بەڵام سزای لەسێدارەدانی پەروین مووسەوی بە هۆکارێکی نادیار ڕاگیراوە.

جەعفەر محەممەدپوور، ٤١ ساڵان، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی سەردەشتی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، نزیکەی ٣ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

قوباد فەرهادپووری خەڵکی کرماشانیش چەند ساڵ لەمەوپێش هەر بەم تۆمەتە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.