بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی ڕەزبەر (١٧ی ئۆکتۆبەر) سزای لەسێدارەدانی دوو بەندکراو بە ناوەکانی یاسر گوڵزەردیان و سەجاد مورادی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی خوڕەمئاوا جێبەجێ کراوە.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی ڕابردوودا بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی خوڕەمئاوا کرابوون و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەردووکیان لە سێدارە دراون.

یاسر گوڵزەردیان، خەڵکی شاری کووهدەشتی پارێزگای لوڕستان، نزیکەی ٦ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

سەجاد مورادییش چەند ساڵ لەمەوپێش هەر بەم تۆمەتە دەستبەسەر و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.