قاسم ئابستە، زیندانیی مەزهەبیی کورد، دوای ١٤ ساڵ بەندکران ئەمڕۆ یەکشەممە ١٤ی گەڵاڕێزان (٥ی نۆڤامبەر) لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە درا. ئەم زیندانییە مەزهەبییە پێشتر لە ڕەوتێکی نادادپەروەرانە و لەگەڵ ٦ هاووڵاتیی کوردی دیکە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم زیندانییە مەزهەبییە ڕۆژی ٧ی گەڵاڕێزان (٢٩ی ئۆکتۆبەر) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو و ئەمڕۆ ١٤ی گەڵاڕێزان (٥ی نۆڤامبەر) لە سێدارە دراوە. بنەماڵەی ئەم زیندانییە مەزهەبییە ئەمڕۆ لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا و لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە ئاگادار کراونەتەوە کە کوڕەکەیان لە سێدارە دراوە.

دەوترێت بنەماڵەی قاسم ئابستە دوای ئاگاداربوونەوە لەم هەواڵە بە مەبەستی وەرگرتنەوەی تەرمەکەی لە شاری مەهابادەوە بەرەو کەرەج بەڕێ کەوتوون.

قاسم ئابستە، ٤٤ ساڵان، باوکی دوو منداڵ و خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٨٨ (٧ی دێسامبەری ٢٠٠٩) لەگەڵ ٦ هاووڵاتیی کوردی دیکەی خەڵکی شارەکانی سەقز و مەهاباددا بە ناوەکانی داوود عوبدوڵڵاهی، کامران شێخه، فەرهاد سەلیمی، خەسرەو بەشارەت، ئەنوەر خزری و ئەیوب کەریمی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە بۆ ماوەی نزیک بە ٨ مانگ لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا لێپرسینەوەیان لێ کرا.

ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە گوازرانەوە بۆ زیندانی ئێڤینی تاران و بۆ ماوەی ٦ مانگ لە ژووری تاکەکەسیی بەندەکانی ٢٤٠ و ٢٠٩ی زیندانی ئێڤیندا خرانە ژێر لێپرسینەوە. ئەم بەندکراوانە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە ڕێکەوتی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩١دا (١٣ی ئاوریلی ٢٠١٩) ڕەوانەی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج کران.

لە کۆتایی ڕەشەمەی ١٣٩٤دا (مارسی ٢٠١٦) کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم ٧ بەندکراوە بە تۆمەتی وەک «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت» و «افساد فی‌الارض» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە بەڕێوە چوو و ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ (٢٥ی مەیی ٢٠١٦) لە زینداندا بە فەرمی پێیان ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

ئەم حوکمە دوای تانەلێدان ڕەوانەی بەردەم لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتیی دادوەر «ڕازینی» کرا. دیوانی باڵای ئێران لە کۆتایی ساڵی ١٣٩٥دا (مارسی ٢٠١٧) حوکمەکەی هەڵوەشاندەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە هەناردیە بەردەم لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران. ئەم دادگایە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا (ژوەنی ٢٠١٨) سەرلەنوێ بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانی بەسەر قاسم ئابستە و ٦ هاودۆسیەکەی تریدا سەپاند.

ئەم حوکمە لەژێر گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا ئەم جارە لە لایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێرانەوە وەک خۆی پەسەند کرا و ڕۆژی دووشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٨ (٣ی فێبرییەی ٢٠٢٠) بە فەرمی بە پارێزەرەکەیان مەحموود عەلیزادەی تەباتەبایی ڕاگەیەنرا.

ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای داخستنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج ڕەوانەی زیندانبی قزلحەسار کران.