بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو ١٦ی گەڵاڕێزان (٧ی نۆڤامبەر) سزای لەسێدارەدانی زیندانییەک بە ناوی ئەکبەر فەڕوخی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ جێبەجێ کراوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم زیندانییە ڕۆژی دووشەممە ١٥ی گەڵاڕێزان (٦ی نۆڤامبەر) لەگەڵ بەندکراوێکی تردا بە ناوی ئەمین خورشیدی بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە بەندەکان ١ و ٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون.

سزای لەسێدارەدانی ئەمین خورشیدی دوای هەوڵی فراوانی خێرخوازانی شاری ورمێ و وەرگرتنی ڕەزایەتی بنەماڵەی کوژراوەکە، ڕاگیراوە و ئەم بەندکراوە گەڕێنراوەتەوە بۆ ناو بەند.

ئەمین خورشیدی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی گوندی «نرگێ»ی ورمێ، نزیکەی ١٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر کرا و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو. ئەکبەر فەڕوخی، هاووڵاتیی تورکی خەڵکی ورمێیش نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش هەر بەم تۆمەتە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.