ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی گەڵاڕێزان (١٥ی نۆڤامبەر) لانیکەم ٥ بەندکراو کە پێشتر بە تۆمەتی «مادە هۆشبەرەکان» و «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراون.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ لانیکەم ٥ بەندکراوی مەحکووم بە ئێعدام لە بەندە جیاوازەکانی زیندانی ناوەندیی ورمێوە بە مەبەستی لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون. لەسەر ناسنامەی ئەم بەندکراوانە تا ئێستا هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.

دەوترێت بەرپرسانی زیندان بە بنەماڵەکانیان ڕاگەیاندووە کە بەرەبەیانی سبەینێ ئەم بەندکراوانە لە سێدارە دەدرێن.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا (سێپتامبەر و ئۆکتۆبەر) لەسێدارەدانی لانیکەم ٩ بەندکراوی تۆمەتبار بە تۆمەتەکانی «مادە هۆشبەرەکان» و «کوشتنی بەئەنقەست»ی لە زیندانەکانی خوڕەمئاوا، هەمەدان، رەشت و کەرەج تۆمار کردووە.