بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو ٢٤ی گەڵاڕێزان (١٥ی نۆڤامبەر) سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوەکانی شەهباز لەتیفیی سەرینی کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە ڕۆژی سێشەممە ٢٣ی گەڵاڕێزان (١٤ی نۆڤامبەر) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو و بەرەبەیانی ڕۆژی ڕابردوو لە سێدارە دراوە.

شەهباز لەتیفیی سەرینی، ٣٠ ساڵان، باوکی منداڵێک و خەڵکی گوندی «سەڵاتین»ی ناوچەی عوسمانوەندی کرماشان، ساڵی ١٣٩٦ (٢٠١٧) بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی هاوژین و خەسووەکەی دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچووبوو.