بەرەەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٨ی سەرماوەز سەرماوەز (٢٩ی نۆڤامبەر) ئەیوب کەریمی، زیندانیی مەزهەبیی کورد، دوای ١٤ ساڵ بەندکران لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە درا. ئەم زیندانییە مەزهەبییە ڕۆژی ٣٠ی گەڵاڕێزان (٢١ی نۆڤامبەر) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی ئەم زیندانە کرابوو.

ئەیوب کەریمی لەگەڵ ٦ هاووڵاتیی کوردی تردا بە ناوەکانی ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی و قاسم ئابستە لە دۆسیەیەکی هاوبەشدا بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپابوو. ڕۆژی ١٤ی گەڵاڕێزانی ئەمساڵ (٥ی نۆڤامبەر) قاسم ئابستە، یەکێک لە هاودۆسیەکانی ئەم زیندانییە مەزهەبییە، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج لە سێدارە درا.

دوابەدوای لەسێدارەدانی قاسم ئابستە و ئەیوب کەریمی، ٥ زیندانیی مەزهەبیی دیکە بە ناوەکانی ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، داوود عەبدوڵڵاهی و فەرهاد سەلیمی لە مەترسیی خێرای لەسێدارەداندان.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو بەرپرسانی زیندانی قزلحەساری کەرەج لە ڕێی تەلەفۆنەوە داوایان لە بنەماڵەی ئەیوب کەریمی کردووە سەردانی زیندانەکە بکەن. دوای ئامادەبوونی ئەم بنەماڵەیە لە زیندانی قزلحەساری کەرەج، پێیان ڕاگەیاندبوون کە ئەیوب کەریمی تا چەند کاتژمێرێکی تر لە سێدارە دەدرێت و تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکرێتەوە.

ئەمڕۆ ٨ی سەرماوەز (٢٩ی نۆڤامبەر) ئەیوب کەریمی دوای ١٤ ساڵ بەندکران لەم زیندانەدا لە سێدارە درا. بەرپرسانی زیندانی قزلحەساری کەرەج مۆڵەتیان بە دایکی ئەم زیندانییە مەزهەبییە دابوو تەنها بۆ چەند چرکەیەک تەرمی لەکفن‌ئاڵاوی کوڕەکەی ببینێت.

هێزە ئەمنییەکان تەرمی ئەم زیندانییە مەزهەبییەیان گواستووەتەوە بۆ ناو ئامبوڵانسێک و بەرەو مەهاباد بەڕێ کەوتووە. وا بڕیارە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنەکەی لە مەهاباددا بە شێوەی سنووردار و بە ئامادەبوونی هێزە ئەمنییەکان بەڕێوە بچێت.

ئەیوب کەریمی لەگەڵ ئەنوەر خزری، کامران شێخە، خەسرەو بەشارەت، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی و قاسم ئابستەدا لە مەودای نێوان ناوەڕاستی سەرماوەز تا سەرەتای ڕێبەندانی ١٣٨٨دا (دێسامبەری ٢٠٠٩ تا ژانڤییەی ٢٠١٠) لە شارەکانی سەقز و مەهاباد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گوازرانەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە بۆ ماوەی چەندین مانگ لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرانە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونییەوە.

دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا، ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی تاران کران و بۆ ماوەی ٦ مانگیش لە ژوورە تاکەکەسییەکانی بەندەکانی ٢٤٠ و ٢٠٩ی ئەم زیندانەدا خرانە ژێر لێپرسینەوە. ئەم بەندکراوانە ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩١ (١٣ی ئاوریلی ٢٠١٢) گوازرانەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

لانیکەم ٤ کەس لەم زیندانیانە لە ساڵانی ڕابردوودا بە بڵاوکردنەوەی نامەی سەرئاوەڵا باسیان لە ئەشکەنجەدانی خۆیان لە قۆناغی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا کردووە.

لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤دا (مارسی ٢٠١٦) ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە بە هەندێ تۆمەتی وەک «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکاندا» و «افساد فی‌الارض» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە دادگایی کران و ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ (٢٥ی مەیی ٢٠١٦) بە فەرمی پێیان ڕاگەیەنرا کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دیوانی باڵای ئێران و لە کۆتایی ١٣٩٥دا (٢٠١٧) حوکمەکە هەڵوەشایەوە.

دوای هەناردنی دۆسیەکە بۆ لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا (مەیی ٢٠١٨) ئەم ٧ زیندانییە جارێکی تر بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپایەوە. دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران و لە ڕێبەندانی ١٣٩٨دا (ژانڤییەی ٢٠٢٠) وەک خۆی پەسەند کرایەوە.

ئەنوەر خزری، کامران شێخە و خەسرەو بەشارەت لە پووشپەڕی ١٣٩٨ (جولایی ٢٠١٩) و لە دۆسیەیەکی جیاوازدا، لە لایەن دادگای پیاچوونەوەی ورمێوە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی مامۆستایەکی ئایینیی سوننە بە ناوی عەبدولڕەحیم تینا دادگایی کران. بەپێی حوکمێک کە پووشپەڕی ١٣٩٩ (جولایی ٢٠٢٠) بەم زیندانیانە ڕاگەیەنرا، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتندا» هەرکامە سزای ١٠ ساڵ بەندکران و کامران شێخەیش بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس (لەسێدارەدان)ی بەسەردا سەپا.

ئەم ٧ زیندانییە مەزهەبییە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای داخستن و چۆڵکردنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج گوازرانەوە بۆ زیندانی قزلحەسار.