ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گوڵان (١٦ی مەی) بەندکراوێک بە ناوی ئەسغەر حاجیزادە کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی سەڵماس کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەسغەر حاجیزادە، ٤٧ ساڵان، باوکی ٣ منداڵ و خەڵکی سەڵماس، نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

بەرپرسانی زیندان بە بنەماڵەی ئەم بەندکراوەیان ڕاگەیاندووە کە لە ڕۆژانی داهاتوودا لە سێدارە دەدرێت.