بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٩ی گوڵان (١٨ی مەی) سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێک بە ناوی کاوە باشنگە کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی سەڵماس جێبەجێ کراوە. بەم پێیە ژمارەی لەسێدارەدراوانی ڕۆژی شەممە لە زیندانی سەڵماسدا بەرز بوویەوە بۆ دوو بەندکراو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بە دەست هێناوە کە ئەم بەندکراوە لەگەڵ زیندانییەکی تردا بە ناوی ئەسغەر حاجیزاده ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گوڵان (١٦ی مەی) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی سەڵماس کرابوون و بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە لە سێدارە دراون.

کاوە باشنگە، خەڵکی مەهاباد، نزیکەی ٤ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

هەروەها ئەسغەر حاجیزاده، ٤٧ ساڵان و خەڵکی سەڵماس، نزیکەی ٥ ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی شەممە ٢٩ی گوڵان (١٨ی مەی) لانیکەم ٧ بەندکراو لە زیندانەکانی ورمێ و سەڵماس لە سێدارە دراون.