بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، کامران شێخە، زیندانیی مەزهەبیی کوردی مەحکووم بە لەسێدارەدان، ڕۆژی ١٢ی جۆزەردان (١ی ژوەن) بە هۆکاری نادیار لە زیندانی قزلحەساری کەرەجەوە ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کراوە. لە چەند مانگی ڕابردوودا سزای لەسێدارەدانی شەش بەندکراوی دیکەی ئەم دۆسیەیە بە ناوەکانی قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت جێبەجێ کراوە.

گواستنەوەی کتوپڕی ئەم زیندانییە مەزهەبییە لە زیندانی قزلحەساری کەرەجەوە بۆ زیندانی مەهاباد بووەتە هۆی پەرەسەندنی نیگەرانییەکان لە ئاست مەترسیی لەسێدارەدانی خێرایدا.

کامران شێخە ساڵی ١٣٩٧ (٢٠١٨) لە دۆسیەیەکی ئاڵۆزدا بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی سەربازێکی هێزی ئینتیزامی بە ناوی ئیبراهیم شکاکی لە لایەن لقی ١٢ی دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە سزای «قەساسی نەفس»ی بەسەردا سەپا.

دەوترێت گواستنەوەی ئەم زیندانییە لە کەرەجەوە بۆ مەهاباد پێدەچێ پێوەندیی بە جێبەجێکردنی سزا سەپێنراوەکەی ئەم دۆسیەیەوە هەبێت.

کامران شێخە، هاووڵاتیی ٣٩ ساڵانی خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی ١٦ی سەرماوەزی ١٣٨٨ (٧ی دیسامبەری ٢٠٠٩) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم هاووڵاتییە بۆ ماوەی ٨ مانگ لەو دەستبەسەرگەیەدا بە تۆمەتی «موحارەبە» خرایە بەر لێپرسینەوە و پاشان ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کرا. لەم زیندانەیشدا بۆ ماوەی ٦ مانگ لە بەندەکانی ٢٤٠ و ٢٠٩دا لێپرسینەوەی لێ کرا و ڕۆژی ٢٥ی خاکەلێوەی ١٣٩١دا (٤ مارسی ٢٠١٢) گوازرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج.

لە کۆتاییەکانی ڕەشەمەی ١٣٩٤دا (مارسی ٢٠١٦) کامران شێخە لەگەڵ هەر شەش هاودۆسیەکەی دیکەیدا، قاسم ئابستە، ئەیوب کەریمی، داوود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت بە هەندێ تۆمەتی وەک «هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی»، «بانگەشەی دژ بە حکومەت»، «ئەندامبوون لە گرووپە سەلەفییەکاندا» و «افساد فی‌الارض» لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە دادگایی کران.

ئەم دادگایە ڕۆژی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٥ (٢٥ی مەیی ٢٠١٦) بە فەرمی پێی ڕاگەیاندن کە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە. دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕازینی و لە کۆتایی ١٣٩٥دا (٢٠١٧) حوکمەکە هەڵوەشایەوە و بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەم دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران.

لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، لە جۆزەردانی ١٣٩٧دا (مەیی ٢٠١٨) جارێکی تر بە تۆمەتی «افساد فی‌الارض» سزای لەسێدارەدانی بەسەر کامران شێخە و هاودۆسیەکانیدا سەپاندەوە. ئەم جارە دوای تانەدانی پارێزەرەکە لەو حوکمە و بە گوشاری ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، لقی ٤١ی دیوانی باڵای ئێران سزاکەی وەک خۆی پەسەند کردەوە و لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٨دا (٣ی فێبرییەی ٢٠٢٠) بڕیارەکە بە شێوەی فەرمی بە پارێزەرەکەیان، مەحموود عەلیزادەی تەباتەبایی، ڕاگەیەنرا.

هەروەها کامران شێخە لەگەڵ دوو هاودۆسیەی دیکەیدا بە ناوەکانی ئەنوەر خزری و خەسرەو بەشارەت لە ڕێکەوتی ٢٨ی خەرمانانی ١٣٩٦دا (١٩ی سێپتامبەری ٢٠١٧) بە مەبەستی دادگاییکردن بە تۆمەتی «کوشتنی سەربازێک لە مەهاباد» لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران. دادگای ئەم سێ کەسە لە ڕێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٧دا (٣٠ی ژوەنی ٢٠١٨) لە لقی ١٢ی دادگای پیاچوونەوەی ورمێ بەڕێوە چوو. لەم دادگایەدا کامران شێخە بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای «قەساسی نەفس»ی بەسەردا سەپا.

دوای تانەدان لەو سزایە، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم دیوانی باڵای ئێران و لە ڕێبەندانی ١٣٩٧دا (ژانڤییەی ٢٠١٨) بەپێی مادەی ٤٦٩ی یاسای دادگاییکردنی کەیفەری، لە لایەن لقی ٤١ی دیوانی باڵاوە هەڵوەشایەوە و جارێکی تر نێردرایەوە بەردەم یەکەم دادگای بڕیاردەر.

لە گەڵاڕێزانی ١٣٩٩دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٠) لقێکی دیکەی دادگای کەیفەریی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا تەنها بەپێی ڕێسای «عیلم و تێگەیشتنی دادوەر» جارێکی تر سزای «قەساسی نەفس»ی بەسەر ئەم زیندانییە مەزهەبییەدا سەپاندەوە.

کامران شێخە لە گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٢دا (ئاگۆستی ٢٠٢٣) دوای داخستن و چۆڵکردنی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، لەگەڵ هەر شەش هاودۆسیەکەی دیکەیدا گوازرایەوە بۆ زیندانی قزلحەسار.