بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٩ی گوڵان (١٨ی مەی) سزای لەسێدارەدانی ٦ بەندکراو بە ناوەکانی پەروین مووسەوی، ئەسغەر حاجیزاده، ڕامین لێوەندپوور، پەرویز قاسمی، مەنسوور ناسری و یووسف سەعیدی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو، لە زیندانەکانی ورمێ و سەڵماس جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم بەندکراوانە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی گوڵان (١٦ی مەی) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزاکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانەکانی ورمێ و سەڵماس کرابوون و بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە سێدارە دراون.

پەروین مووسەوی، ٥٠ ساڵان و خەڵکی مەراغە، ئەسغەر حاجیزاده، ٤٧ ساڵان و خەڵکی سەڵماس، مەنسوور ناسری، ٤٥ ساڵان و خەڵکی بۆکان، یووسف سوعیدی، ٣٢ ساڵان و خەڵکی ورمێ، پەرویز قاسمی، ٣٥ ساڵان و خەڵکی ورمێ و ڕامین لێوەندپوور، ٢٧ ساڵان و خەڵکی ورمێ، پێشتر لە ٥ دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووبوو.

ساڵح قاسمی، باوکی پەرویز قاسمی و ڕەشید لێوەندپوور، برای ڕامین لێوەندپووریش ساڵی ١٤٠١ (٢٠٢٣) هەر بەم تۆمەتە لە زیندانەکانی ورمێ و ڕەجایی شاری کەرەج لە سێدارە درابوون.