بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەلاوێژ (٧ی ئاگۆست) سزای لەسێدارەدانی لانیکەم چوار بەندکراو بە ناوەکانی فروود گەراوەند، محەممەد غوڵامی، ئیسماعیل شەرەفی و شەهاب مەلێکی کە پێشتر بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە و «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کراوە.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، محەممەد غوڵامی و ئیسماعیل شەرەفی، هەردووکیان خەڵکی کووهدەشتی پارێزگای لوڕستان، چەند ساڵ لەمەوپێش بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوون و سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوبوو.

هەروەها فروود گەراوەند، ٥٠ ساڵان و خەڵکی کووهدەشتی پارێزگای لوڕستان، ساڵی ١٣٩٤ (٢٠١٥) بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە و «کوشتنی بەئەنقەست»ی ئەندامێکی هێزە دەوڵەتییەکان دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوبوو.

ئەم چوار بەندکراوە بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٧ی گەلاوێژ (٧ی ئاگۆست) بە شێوەی بەکۆمەڵ و لەگەڵ چەندین بەندکراوی دیکەدا لە سێدارە دران. لەسەر ناسنامەی بەندکراوەکانی تر تا ئێستە هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.