سزای لەسێدارەدانی محەممەد کەرەمیزادە، بەندکراوی خەڵکی کووهدەشتی لوڕستان کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو، لە زیندانی قزلحەساری کەرەج جێبەجێ کرا.

ئەم زیندانییە ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٣ (١٨ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) بە مەبەستی لەسێدارەدان گوازرابوویەوە بۆ ژووری تاکەکەسی و بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ٢٩ی گەلاوێژ (١٩ی ئاگۆست) لە سێدارە درا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم بەندکراوە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «محەممەد کەرەمیزادە ساڵی ١٣٩٨ (٢٠١٩) لە کاتێکدا کە بە هۆی دۆسیەیەکی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە لە زیندانی قزلحەساری کەرەج بوو، لە کاتی دیداردا هاوسەرەکەی خۆی کوشت و دوای ماوەیەک بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» سزای قەساسی نەفس ( لەسێدارەدان)ی بۆ دەرچوو».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم بەندکراوە پێشتر و لە ساڵی ١٣٩٣دا (٢٠١٤) بە تۆمەتی پێوەندیدار بە «مادە هۆشبەرەکان»ـەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچووبوو کە ساڵی ١٣٩٨ (٢٠١٩) سزاکەی گۆڕدرا بۆ ٣٠ ساڵ بەندکران.
محەممەد کەرەمیزادە لەدایکبووی ١٣٦٥ (١٩٨٦) و باوکی منداڵێکی ١١ ساڵان بوو.

Screenshot