بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕ (٢١ی جولای) سزای لەسێدارەدانی دانیال کازمینژاد، بەندکراوی ٣٠ ساڵانی خەڵکی شابادی کرماشان کە پێشتر بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی بەسیجییەک سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپابوو، بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و ڕەچاوکردنی مافی دوادیدار لەگەڵ بنەماڵەیدا لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم زیندانییە ٣٠ ساڵەیەی خەڵکی گوندی «لوڕ»ی شاباد لە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ١٤٠٢دا (٨ی جولایی ٢٠٢٣) لە سنووری قەتوولی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە دادگای کرماشاندا بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست»ی بەسیجییەک بە ناوی سەجاد ئەمیری سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە ٣١ی پووشپەڕ (٢١ی جولای) سزای لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەخت و ڕەچاوکردنی مافی دوادیدار لەگەڵ بنەماڵەیدا لە زیندانی دیزڵئاوای کرماشان جێبەجێ کرا و دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ لەژێر زەخت و گوشاری دامودەزگا ئەمنییەکاندا ڕێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی لە گوندی زادگەکەی بەڕێوە چوو.

لە جۆزەردانی ١٤٠٢دا (ژوەنی ٢٠٢٣) بەشی پێوەندییە گشتییەکانی سوپای نەبیی ئەکرەمی کرماشان لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە ڕۆژی ٢١ی جۆزەردان (١١ی ژوەن) لە تێکهەڵچوونێکدا لە نێوان تۆمەتبارێکی داواکراو و هێزەکانی سوپای پاسداران لە گەڕەکێکی پەراوێزی شاردا بەسیجییەک بە ناوی سەجاد ئەمیری کوژراوە. دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی ئەم بەسیجییە، ماڵپەڕە دەوڵەتییەکان ڕایانگەیاند کە دانیال کازمینژاد بکوژی ئەم بەسیجییەیە و ڕۆژی ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٢ (٩ی جولایی ٢٠٢٣) لە دووتوێی هەواڵێکدا ڕایانگەیاند کە دانیال لە کاتێکدا کە دەیویست لە ئێران بچێتە دەرەوە، لە سنووری قەتوولی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا دەستبەسەر کراوە.