فەردین ڕوستەمنژاد، کۆڵبەری لاوی خەڵکی گوندی «شمشێر»ی پاوە کە ١٨ مانگ لەمەوپێش بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار و تووشی بڕینی مۆخ بووبوو، بە هۆی قووڵبوونی برینەکانیەوە گیانی لە دەست دا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، ئەم کۆڵبەرە لاوە کە بە درێژایی ١٨ مانگی ڕابردوو بەتەنها لەگەڵ کچەکەی و لە دۆخێکی زۆر سەختدا دەژیا، ڕۆژی هەینی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٣ (٢٠ی سێپتامبەری ٢٠٢٤) گیانی لە دەست داوە.

فەردین ڕوستەمنژاد لە ڕێکەوتی ٨ی ڕەشەمەی ١٤٠٢دا (٢٧ی فێبرییەی ٢٠٢٣) لە ناوچەی سنووری «کوڵەبڕ»ی نەوسوود کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکان و تووشی بڕینی مۆخ بوو.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا دوو برای دیکەی ئەم کۆڵبەرەیش بە ناوەکانی فەرشاد و کۆسار ڕوستەمنژاد لە کاتی کۆڵبەریدا لە ناوچە سنوورییەکانی پاوە بە دەسڕێژی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران بریندار بووبوون.