ئومید قەدیمی، برای فواد قەدیمی لە گیانبەختکردوانی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادی لە دیواندەرە، لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە کۆمەڵەدا»، «بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بە گشتی سزای ٤٠ مانگ بەندکران و ٨ میلیۆن و پێنسەد هەزار تمەن سزای پارەی بەسەردا سەپا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کەوتووەتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە ڕۆژی ٢٩ی سەرماوەزی ١٤٠٢ (٢٠ی دیسامبەری ٢٠٢٣) لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی دیواندەرەدا و بەبێ پارێزەر بەڕێوە چووە و لە کۆتایی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا (مارسی ٢٠٢٤) بە شێوەی نووسراو حوکمەکەی پێ ڕاگەیەنراوە.

بەپێی حوکمەکە، ئومید قەدیمی بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە کۆمەڵەدا» سزای ٣٢ مانگ بەندکران، «بانگەشەی دژ بە حکومەت» سزای ٨ مانگ بەندکران و «بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی» ٨ میلیۆن و پێنسەد هەزار تمەن سزای پارەی بەسەردا سەپاوە.

بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، ٣٢ مانگ لە کۆی سزاکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها دادگاکە دوو لەسەر سێی سزاکانی بۆ ماوەی یەک ساڵ خستووەتە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.

ئومید قەدیمی ڕۆژی ١٦ی خەرمانانی ١٤٠٢ (٧ی سێپتامبەری ٢٠٢٣) لە شەقامێکی دیواندەرە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە. ئەم هاووڵاتییە دادخوازە دوای ٢٠ ڕۆژ لێپرسینەوە لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد و ٣٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

فواد قەدیمی، ٣٩ ساڵان و باوکی دوو منداڵ، ڕۆژی ٢٨ی خەرمانانی ١٤٠١ (١٩ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە ڕەوتی سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیدا لە شاری دیواندەرە بە دەسڕێژی هێزە سەربازی-ئەمنییەکان بریندار بوو و دوای دوو ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی کەوسەری سنە گیانی بەخت کرد.