دوای ئەوەی لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران داوای پارێزەرانی موژگان کاووسیی بۆ دادگاییکردنەوەی دووبارەی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە قبووڵ کرد، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ساری و دواجار حوکمەکە لە ٦٢ مانگ بەندکرانەوە گۆڕدرا بۆ ساڵێک بەندکران. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕۆژی ٢٦ی جۆزەردانەوە (١٥ی ژوەن) بە شێوەی «بڕیاری کراوە» پاشماوەی سزاکەی تێدەپەڕێنێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لە چەند حەفتەی ڕابردوودا داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەی خانمی کاووسی لە لایەن پارێزەرەکانیەوە، مازیار تاتایی و عوسمان موزەیەن، لە دیوانی باڵای ئێراندا تۆمار کرابوو و ڕۆژی ٢ی پووشپەڕی ١٤٠٣ (٢٢ی ژوەنی ٢٠٢٤) لقی ٣٩ی دیوانی باڵا داواکارییەکەی قبووڵ کرد، هەر بۆیە دۆسیەکە بۆ لێکۆڵینەوەی دووبارە نێردرایە بەردەم لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ساری و ئەم دادگایە لە ڕێکەوتی ٢١ی گەلاوێژی ١٤٠٣دا (١١ی ئاگۆستی ٢٠٢٤) سزای ئەم زیندانییە سیاسییەی گۆڕی بۆ ساڵێک بەندکران.

موژگان کاووسی ڕۆژی ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٢ (١٨ی دیسامبەری ٢٠٢٣) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانی تۆنکابۆن لە پارێزگای مازەندەران کرابوو و لە ڕێکەوتی ٢٦ی جۆزەردانی ١٤٠٣وە (١٥ی ژوەنی ٢٠٢٤) دوای ڕەزامەندیی شۆرای پۆلێنبەندی و دادوەری چاودێری زیندانی تۆنکابۆن، پاشماوەی سزاکەی بە شێوەی «بڕیاری کراوە» تێدەپەڕێنێت.

«بڕیاری کراوە» بە دەرفەتێکی یاسایی دەوترێت کە کەسی سزادراو دەتوانێت بە دانانی بارمتە لە دەرەوەی زیندانی داخراو خەریکی کارکردن بێت و لە وادەی زەمەنیی دیاریکراودا لە لایەن شۆرای پۆلێنبەندیی زیندان یان دادگاوە، سەردانی زیندان بکاتەوە و بەرگەیەک واژۆ بکات.

موژگان کاووسی، نووسەر و توێژەری کوردی یارسانی خەڵکی کەلاردەشتی پارێزگای مازەندەران، لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانانی ١٤٠١دا (٢٢ی سێپتامبەری ٢٠٢٢) لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە نەوشەهر دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ساری و ڕۆژی ١٣ی بەفرانباری ١٤٠١ (٣ی ژانڤییەی ٢٠٢٣) بە دانانی بارمتەی ٣ میلیارد تمەنی بەشێوەی کاتی لە زیندانی قائیمشەهر ئازاد کرا.

کۆبوونەوەی دادگاییکردنی ئەم ژنەچالاکە لە سەرماوەزی ١٤٠١دا (نۆڤامبەری ٢٠٢٢) لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ساری بە تۆمەتی «افساد فی الارض»، «پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران»، «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بەڕێوە چوو. لەم دادگایەدا تۆمەتی «افساد فی‌الارض»ی لەسەر لاچوو، بەڵام بە تۆمەتی «پیلانگێڕی دژ بە ئاسایشی نیشتمانیی ئێران»، «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی» و «بانگەشەی دژ بە حکومەت» بە ڕیز سزای ٣٩ مانگ، ١٥ مانگ و ڕۆژێک و ٨ مانگ بەندکرانی بە سەردا سەپا کە بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، ٣٩ مانگی دەچووە بواری جێبەجێکردنەوە.

موژگان کاووسی ڕۆژی ٢٧ی سەرماوەزی ١٤٠٣ (١٨ی دیسامبەری ٢٠٢٣) بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکران ڕەوانەی زیندانی تۆنکابۆن کرابوو.

ئەم نووسەر و چالاکەی بواری مافە زمانی و نەتەوەییەکان، پێشتر لە بەفرانباری ١٤٠٠دا (ژانڤییەی ٢٠٢٢) دوای ٢١ مانگ بەندکران لە زیندانی کەچوویی کەرەج ئازاد کرابوو.