بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، “عادڵ بەهرامی“، پەناخوازی سیاسیی کورد کە ڕۆژی ٥ی بەفرانبار / ٢٠١٩.١٢.٢٧، لە تورکیاوە بۆ ئێران سنوورداش کرابووەوە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە بەندیخانەی شاری “خۆی”ەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕەوانەکراوە، هەروەها “عادڵ موکەرەم” پەناخوازێکی سیاسیی کورد دیکە کە لە کۆتاییەکانی مانگی سەرماوەزدا / ٢٠١٨.١٢ هەر بەو شێوەیە سنوورداش کرابووەوە لە ٢٠ ڕۆژ پێش ئێستاوە لە بەندیخانەی شاری “خۆی”ەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ڕەوانەکراوە.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لەو بارەیەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “پاش ئەوەی عادڵ بەهرامی بۆ ئێران سنوورداش کرابووەوە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری خۆی لێکڵینەوەی لەگەڵ ئەنجامدرا و پاشان بۆ بەندیخانەی خۆی ڕەوانە کرا. چەند ڕۆژێکە لەوێ مایەوە و سەرەنجام بەمەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ گواسترایەوە”.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، “عادڵ موکەرەم”یش پاش سنوورداشکرانەوە بۆ ئێران بۆ ماوەی ١٩ ڕۆژ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری خۆدا لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرابوو و پاشان بۆ بەندیخانەی ئەو شارە ڕەوانە کرابوو.

ئەو هاوڵاتییە کوردەی خەڵکی ورمێ بۆ ماوەی سێ مانگ لە تورکیا نیشتەجێ بووە و داواکاریی پەناخوازییەکەی وەک عادڵ بەهرامی لەلایەن نووسینگەی کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران تۆمارکرابوو.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستا گەیشتوون، ناوەندە ئەمنییەکانی خۆی و ورمێ “ئەندامێتیی حیزبە کوردستانییەکان دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران”یان وەک تۆمەتی ئەو دوو هاوڵاتییە کوردە ڕاگەیاندووە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان پێشتر لە ڕێکەوتی ٦ی بەفرانباردا / ٢٠١٩.١٢.٢٧ بەبڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ئاشکرایکردبوو کە عادڵ بەهرامی لەگەڵ ٣٢ پەناخوازی دیکە لە تورکیاوە بۆ ئێران سنوورداش کراونەتەوە. تا کاتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە چارەنووسی پەناخوازەکانی دیکەدا لە بەردەستدا نییە.

عادڵ بەهرامی لە ڕێکەوتی ٢٣ی سەرماوەزی ١٣٩٧دا / ٢٠١٨.١٢.١٤ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ئانتالیای تورکیا لەکاتی چوونەدەرەوەی نایاسایی لە وڵات دەستبەسەرکرا و تا ٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٧ / ٢٠١٩.٠١.٢٤ لە بەندیخانەدا مابووەوە. پاشان دادگا بڕیاری دا لە تورکیاوە بۆ ئێران سنوورداش بکرێتەوە.