بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لەکاتێکدا تەنیا ٣٦ ڕۆژی ماوە کە ماوەی سزای بەندکرانی “مەریوان کەرکوکی (نەجەف عەبدولڕەحمان)”، بەندکراوی سوننەی خەڵکی هەرێمی کوردستان کۆتایی بێت و ئەنجومەنی ڕیزبەندیی بەندیخانەی ڕەجایی شەهری کەرەجیش داواکارییەکەی بۆ ئازادبوونی پێشوەختی پەسندکردووە، وەزارەتخانەی ئیتلاعات ڕێگریی دەکات لەوەی ئەو بەندکراوە ئازادبکرێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گوتی: “بە هۆە ئەوەی کە ڤایرۆسی کرۆنا لە بەندیخانەکانی ئێراندا تەشەنەی کردووە، بنەماڵەی مەریوان کەرکوکی داواکارییەکان ئاراستەی ناوەندە دادوەرییەکان کردووە بۆ ئەوەی کوڕەکەیان پێشوەخت لە بەندیخانە ئازادبکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی گۆشارەکانی وەزارەتخانەی ئیتلاعاتەوە هیچ وەڵامێکی ئەو داواکارییە نەدراوەتەوە”.

ئەو هاوڵاتییە کوردە لە مانگی سەرماوەزی ١٣٩١دا / ٢٠١٢.١٢ بە تۆمەتی نیشتەجێبوون نایاسایی لە ئێران دەستبەسەرکرا و نزیکەی ٨ مانگ لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤینی تاران و دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان (ناسراو بە مەیدانی نەفت) لێکۆڵیەوەی لەگەڵ کرا.

ئەو هاوڵاتییە لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر موقیسە بە ٣٣ ساڵ و ٣ مانگ بەندکران سزادرا، ئەو سزایە پاشان وەک خۆی لە دادگای پێداچوونەوەدا پشتڕاستکرایەوە، لەکۆی ئەو سزایە بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، ٧ ساڵ و نیوی جێبەجێدەکرێت.

مەریوان کەرکوکی لە ئێستادا لە بەندی ٧ی هۆڵی ٢١ی بەندیخانەی ڕەجایی شەهری کەرەج ڕۆژە کۆتاییەکانی ماوەی بەندکرانەکەی تێپەڕدەکات.