سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕایگەیاند کە ڕەزا مەلازادە، بەندکراوی سیاسیی کورد، لە بەندیخانەی بۆرازجانی پارێزگای بووشێهر تووشی کۆرۆنا بووە.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ڕەزا مەلازادە، بەندکراوی سیاسیی کورد کە لە بەندیخانەی بۆرازجاندا حوکمی ١٦ ساڵ زیندانەکەی تێدەپەڕێنێ، لە ڕۆژانی ڕابردوودا تووشی کۆرۆنا بووە. ئەم سەرچاوەیە وتیشی کە بەرپرسانی بەندیخانە ئامادە نەبوون ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی بەندیخانەکەی بکەن و لەم ماوەیەدا تەنیا چەند جارێک لە لایەن پزیشکانی نەخۆشخانەی بەندیخانەوە پشکنینی بۆ کراوە.
ڕەزا مەلازادە خەڵکی گوندی ئاشناکی سەر بە شاری سەلماسی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوایە و لە کۆتاییەکانی هاوینی ١٣٩٠ لە نزیک شاری پاوەی پارێزگای کرماشاندا لە لایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتڵاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو سەرەتا برایە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیەتی لە شاری کرماشان و دوای چەند ڕۆژ گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیەتیی دیکە لە تاران.
ئەم بەندکراوە سیاسییە بۆ ساڵێک مۆڵەتی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەکەیی پێ نەدرا و لە ساڵی ١٣٩١دا لە لایەن لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر “سەڵەواتی”، بە تۆمەتی «موحارەبە لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک)» حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە. ئەم حوکمە دوای تۆمارکردنی فەرمیی ناڕەزایەتی لە دیوانی باڵای ئێراندا کەم کرایەوە بۆ ١٥ ساڵ بەندکردن و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی بۆرازجان. هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی «هاتوچۆی نایاسایی لە سنوورەوە» حوکمی ساڵێک بەندکرانی بە سەردا سەپاوە.
ئەم بەندکراوە سیاسییە دوای پەسەندکرانی حوکمەکەی، لە بەندیخانەی ئێوینی تارانەوە دوور خرایەوە بۆ بەندیخانەی بۆرازجان و لە حاڵێکدا نۆهەم ساڵی بەندکرانی تێدەپەڕێننێ کە مافی ئازادبوونی مەرجدار و پشوو یان مورەخەسیشی لێ زەوت کراوە.
بۆرازجان؛ تووشبوونی بەندکراوێکی سیاسیی کورد بە ڤایرۆسی کۆرۆنا
گیانبەختکردنی سێ هاووڵاتی لە هێرشەکانی سوپای پاسداراندا بۆ سەر کەمپ و بارەگاکانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران
بە هۆی هێرشی درۆنی و مووشەکیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکان و بارەگایەکی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران...
زیاتر بخوێنەوەڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە ٢٤٠ هاووڵاتیی گیانبەختکردووی کورد لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی بەفرانباری ١٤٠٤دا
لە درێژەی ڕاپەڕین و خۆپیشاندانە جەماوەرییەکاندا دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێران کە لە دوو دەیەی ڕابردوودا جارجارە و لە شێوەی...
زیاتر بخوێنەوەهاووڵاتیانی گیانبەختکردووی کورد لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکەی بەفرانباری ١٤٠٤دا
دوابەدوای شەپۆلی نوێی خۆپیشاندانە جەماوەرییە بەربڵاوەکان لە شار و ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا کە ڕۆژی ٧ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٢٨ی دیسامبەری ٢٠٢٥)...
زیاتر بخوێنەوە