بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سالار و سامان غەزاڵی، لە چالاکانی مەدەنیی ناسراوی شاری مەهاباد، دوای ٧٥ ڕۆژ دەستبەسەربوون ڕەوانەی زیندانی مەهاباد کراون.

ئەم دوو برایە لە ڕێکەوتی ٢٦ی خەرماناندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوون و گواسترابوونەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. دەوترێ هەر لەو ماوەیەدا سامان غەزاڵی بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامبوونی دەستبەسەربوونیدا بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ مانی لە خواردن گرتبوو.

سامان و سالار غەزاڵی بە درێژایی ئەو ماوەیەی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا بوون مافی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەیان لێ زەوت کرابوو. هەروەها هاوکاریکردنی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی وەک تۆمەتی ناوبراوان ڕاگەیەنراوە.

سامان غەزاڵی خوێندکاری دواتێرمی ماستەری کۆمەڵناسیی زانکۆی برووجێردە و سالار غەزاڵیش دەرچووی ماستەری کیمیای زانکۆی ڕازیی کرماشانە.