سەرلەبەیانیی ڕۆژی ٤ی ڕەشەمە زیندانییەکی سیاسیی کوردی خەڵکی ئێراق بە ناوی عەلی ئەحمەد سلێمان دوای ١٥ ساڵ بەندکران لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، ئازاد کرا. ناوبراو بە درێژایی ئەم ماوەیە مافی پشووی کاتی و دیداری بنەماڵەی لێ زەوت کرابوو. دەوترێت ناوبراو دوای ئەوەی ئازاد کراوە بە مەبەستی هەناردنەوە بۆ وڵاتی ئێراق براوەتە ئیدارەی خەڵکانی بیانیی شاری ورمێ.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێ وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وتی: ”سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پاسەوانەکانی زیندانی ورمێ کە حوکمی ئازادیی عەلی ئەحمەد سلێمانییان پێ بوو، ناوبراویان لە بەندەکەی بردۆتە دەرەوە. هەروەها پێیان ڕاگەیاندووە کە دەبێ زۆر خێرا ئێران بەجێ بهێڵێت و هەر بۆیە ئامادەکارییەکان بۆ ڕادەستکردنەوەی بە بەرپرسانی ئێراق لە ڕێگەی ئیدارەی خەڵکانی بیانییەوە لە حاڵی ئەنجامدایە”.

عەلی ئەحمەد سلێمان لە ڕێکەوتی ٢٦ی گەڵاڕێزانی ١٣٨٤دا لە ناوچەی سنووریی ”تەرگەوەر”ی ورمێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و ئینجا لە دادگای ئینقلابی ئەم شارەدا بە تۆمەتی ”ئەندامبوون لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پژاک)” حوکمی ٥ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بەسەردا سەپا. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ساڵی ١٣٩١دا لەبەر پێوەندیگرتن بە نووسینگەی ئەحمەد شەهید، نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران و هەروەها پێوەندیگرتن بە میدیاکانی دەرەوەی ئێرانەوە، دیسانەوە لە لایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی ”بانگەشەی دژی حکوومەت” موحاکەمە کرا و حوکمی ١ ساڵ زیندانی دیکەی بەسەردا سەپا.

ئەم هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی ئێراق هەر لە ماوەی زیندانیبووندا تۆمەتی کوشتنی دوو کەس لە هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕووبەڕوو کرایەوە، ئەگەرچی سەرەڕای ئەشکەنجەدانی قورسی عەلی ئەحمەد سلێمان لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیدارەی ئاگاهیی ورمێدا دۆسیەکە هەر بێئەنجام مایەوە، بەڵام ٦ ساڵ دواتر و پاش کۆتاییهاتنی ماوەی زیندانەکەی، دیسانەوە دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران دۆسیەکەی کردەوە و دواجار لە ساڵی ١٣٩٢دا عەلی ئەحمەد سلێمان حوکمی دوو جار ”قەساس” یان هەمان لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە. ئەگەرچی ئەم حوکمە دوای ڕەزایەتدانی بنەماڵەی کوژراوەکان گۆڕرا بۆ دیە، بەڵام لە ڕووی لایەنی گشتیی تاوانی قەتڵەوە حوکمی ٩ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی بۆ بڕایەوە. دوای پێشکەشکردنی داواکاریی قبووڵکردنی حوکم لە لایەن ئەم زیندانییە سیاسییەوە، دادگا هەشت بە یەکی کۆی حوکمەکەی بەپێی یاسا کەم کردەوە.

عەلی ئەحمەد سلێمان بە درێژایی ئەو ماوەیە کە لە زیندانی ورمێ زیندانی بوو، چەندەها جار ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کرا و خرایە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە. لە یەک لەم جارانە و لە ڕێکەوتی ١٥ی ڕێبەندانی ١٣٩٣دا و دوای مانگرتنی ٣٣ ڕۆژەی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێ، دوور خرایەوە بۆ زیندانی تەورێز. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٩ی بەفرانبی ساڵی پار دیسانەوە گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.