بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، پێنج هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی ڕێبوار چاکداری، جەلال قادرزادە، فەرهاد مەعرووفی، شەمزین محەممەدی و دلێر شامحەممەدی، لەم ڕۆژانەی دواییدا بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.

ڕێبوار چاکداری، جەلال قادرزادە و فەرهاد مەعرووفی لە ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژی ئەمساڵدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شنۆ دەستبەسەر کرابوون و گواسترابوونەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ناوبراوان لە ڕێکەوتی ٣٠ی گەلاوێژدا و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرابوون و ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی خەرمانان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.

شەمزین محەممەدییش کە لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی دووشەممە ١ی خەرمانان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی بۆکان ئازاد کراوە.

هەروەها حەفتەی ڕابردوو چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی دیواندەرە بە ناوی دلێر شامحەممەدی دوای ٥٣ ڕۆژ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراوە. ناوبراو لە ڕێکەوتی ٤ی پووشپەڕدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری دیواندەرە دەستبەسەر کرابوو.

لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم کەسانە کراوەتەوە هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.