دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتێک لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە سەبارەت بە زیندووبوونی یەکێک لە ئەندامانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە ناوی ئیدریس فەقیهی و دەستبەسەرکردنی لە لایەن سپای پاسدارانەوە، ڕۆژی ڕابردوو بنەماڵەکەی سەردانی پادگانی ئەلمەهدیی ورمێیان کردووە و لەوێ لێپرسەوەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران دەستبەسەرکردن و ڕاگرتنی ئەم ئەندامە بریندارەی پەژاکیان لەو دەستبەسەرگەیەدا پشتڕاست کردۆتەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی ٦ی ڕەزبەر بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕایگەیاندبوو کە هەندێ بەڵگەی دەست کەوتووە کە دەیسەلمێنن ئیدریس فەقیهی، ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) کە پێشتر ڕاگەیەنرابوو لە شەرێکی نێوان هێزەکانی ئەم پارتە و هێزەکانی سپای پاسداراندا لە نزیک شاری بۆکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا کوژراوە، زیندووە و لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێدایە.

لێپرسەوەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕۆژی ڕابردوو دوای ئەوەی بنەماڵەی ئیدریس فەقیهی چوونەتە بەردەم دەستبەسەرگەکەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا، دەستبەسەرکردن ناوبراویان پشتڕاست کردۆتەوە و پیان وتوون کە ڕەوتی لێپرسینەوەکان درێژەی هەیە.
لێپرسەوە ئەمنییەکان بە بنەماڵەی ناوبراویان ڕاگەیاندووە کە تا کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان مۆڵەتی دیداریان پێ نادرێت، بەڵام وتوویانە دۆخی تەندروستییەکەی «باش»ـە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەپێی لێکۆڵینەوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئیدریس فەقیهی تا ئێستایش لە دۆخێکی خراپی جەستەیی و لە ژێر ئەشکەنجەدایە.