به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كه‌وتۆته‌ده‌ست تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەزبەر چالاکی کرێکاریی کورد عوسمان ئیسماعیلی لە بەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە شاری سەقز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بنەماڵەی ئەم چالاکە کرێکارییە دەڵێن لەم ڕووداوەدا زیاد لە ١٠ ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بەشدارییان کردووە.

عوسمان ئیسماعیلی لە چالاکانی ناسراوی کرێکارییە کە چەندەها جار لەبەر بەرگریکردن لە مافی کرێکاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و زیندانی کراوە. لە دوایین جاردا ئەو و چالاکی ناسراوی کرێکاریی کورد مەحمود ساڵحی، لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا دوای بانگهێشتکران بۆ دادگای سەقز دەستبەسەر کران.

لە سەرەتای مانگی جۆزەرداندا ئەم دوو چالاکە کرێکارییە لە لایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکارەوە، حوکمی ٣ مانگ و ٦ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپابوو. بەڵام بە گەڕانەوە بۆ مادەی ٣٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی، حوکمەکانیان گۆڕدرا بۆ ٢ میلیۆن و ٤ میلیۆن تمەن غەرامە.

ئەم دوو چالاکە کرێکارییە دواجار پاش ٢٥ ڕۆژ لە زیندانی سەقز ئازاد کران.