هادی ڕۆسته‌می، به‌ندكراوی خه‌ڵكی ئیلام كه به تۆمه‌تی «دزی» سزای بڕینه‌وه‌ی چوار په‌نجه‌ی ده‌ستی ڕاستی به سه‌ردا سه‌پاوه، له حاڵێكدا كه پێبجه‌مین ساڵی بەندبوون تێ دەپه‌ڕێنێت، به مه‌به‌ستی ناڕه‌زایه‌تیی ده‌ربڕین لە ئاست بەردەوامبوونی مانه‌وه‌یدا له زیندان و یەکلانەبوونەوەی دۆسیەکەی و ھەروەھا ڕانەگواستنی دەسەڵاتی یاسایی دۆسیه‌كه‌ی له ورمێوه بۆ ئیلام، له ڕێكه‌وتی ٣٠ی ڕه‌زبه‌ردا له زیندانی ئیلام هەوڵی خۆكوشتنی داوە.
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار له بارودۆخی ئه‌م زیندانییه وێڕای پشتڕاستكردنه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه به تۆری مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: «هادی ڕۆسته‌می چه‌ند مانگ پێش له زیندانی بۆكانه‌وه‌گواستراوه‌ته‌وه بۆ زیندانی ئیلام كه شوێنی نیسته‌جێبوونی بنه‌ماڵه‌كه‌شیه، به‌ڵام له‌م ماوه‌یه‌دا ده‌زگای دادوه‌ریی ورمێ ئامادە نەبووە دەسەڵاتی یاسایی دۆسیه‌كه‌ی ڕادەستی ده‌زگای دادوه‌ریی ئیلام بکات، هەر بۆیە ناوبراو وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست مانەوەی درێژخایەن و یەکلانەبوونەوەی چاره‌نووسی له زینداندا، شه‌وی هەینی ٣٠ی ڕه‌زبه‌ر بە خواردنی حه‌ب و شیشه هەوڵی خۆكوشتنی داوە».
به وته‌ی ئه‌م سه‌رچاوه‌یە، هادی ڕۆسته‌می له حاڵێكدا كه بارودۆخێكی ناله‌باری بووه ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی زیندان و پاش چه‌ند كاتژمێرێک ڕەوانەی نه‌خۆشخانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی زیندان کرا‌وه. بەڵام سه‌ره‌ڕای ڕاسپارده‌ی پزیشكه‌كانی نه‌خۆشخانه بۆ مانه‌وه‌ی له نه‌خۆشخانه‌دا، به فه‌رمانی به‌رپرسانی زیندان دوای شۆردنی گه‌ده (مه‌عیده)ی سەر لە نوێ گەڕێنراوەتەوە بۆ زیندان.
ئه‌م به‌ندكراوه پێشتریش له زیندانی بۆكان و لە دووتوێی نامەیەکدا مانگرتن له خواردنی ڕاگه‌یاندبوو، له به‌شێكی نامەکەدا کە ئاڕاستەی داواکاری گشتیی بۆكان، كۆمیسیۆنی لێبوردن و به‌خشین و نوێنەری تایبه‌تی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووەكان بۆ كاروباری مافی مرۆڤ لە ئێران‌دا کراوە، نووسراوه: «من، زیندانی هادی ڕۆسته‌می كوڕی ناسر، به ژماره دۆسیه‌ی ١٠٠٤٠٣، له لایه‌ن لقی یه‌كی دادگای تاوانەکانی پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاواوه سزای بڕینه‌وه‌ی چوار په‌نجه‌ی ده‌ستی ڕاست و چه‌ندین میلیارد تمەن غەرامەم به‌سه‌ردا سه‌پاوه. له پێنج ساڵ لەمەوپێشه‌وه تاكوو ئێستا له زیندان‌دام، له ئیداره‌ی ئاگاهیی چه‌ندین شاردا، وه‌ك ورمێ، ئه‌رده‌بیل و به‌نده‌ر ئه‌نزه‌لی، كه‌وتوومه‌ته ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی توندی جه‌سته‌ییه‌وه».
ئه‌م به‌ندكراوه له درێژه‌ی نامه‌كه‌یدا ڕایگه‌یاندووه كه له دۆسیه‌كه‌یدا ٢٨ تاوانی دزیی لەسەر تۆمار کراوە، بەڵام ئاگای لە٢٠ حاڵەتیان نییە و دادگا به‌بێ سه‌رنجدان به به‌رگرییه‌كانی حوكمێكی زۆر بێڕه‌حمانەی بەسەردا سەپاندووە کە بڕینه‌وه‌ی چوار په‌نجه‌ی ده‌ستی ڕاستە. ئه‌م حوكمه له لقی ١٣ی دیوانی باڵای ئێران‌دا وه‌ك خۆی په‌سه‌ند كراوەتەوە و بۆ جێبه‌جێكردن نێردراوەته بەردەم لقی ٨ی ئیجرای ئەحکامی دادسەرای گشتی و شۆڕشیی ورمێ.
هادی ڕۆسته‌می له كۆتایی نامه‌كه‌یدا كه نوسخەیه‌كی كه‌وتۆته ده‌ست تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، نووسیبووی: «له ماوه‌ی چه‌ند ساڵی ڕابردوودا به نووسینی چه‌ندین نامه بۆ سه‌رۆكی ده‌زگای دادوه‌ری ڕام گه‌یاندووه كه حوكمەکە زۆر نادادپه‌روه‌رانه‌یه و داوای پێداچوونه‌وه‌ی دووباره‌م بە دۆسیە‌كه‌دا كردووه، به‌ڵام تاكوو ئێستا هیچ وه‌ڵامێكم وه‌رنه‌گرتووه، هەر بۆیە به مه‌به‌ستی دەربڕینی ناڕه‌زایی له‌م دۆخه، به چەسبدان لە لێوه‌كانم مانم له خواردن گرتووە.
به پێی ئه‌و ئامارانه‌ی له لایه‌ن تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانه‌وه كۆ كراوه‌ته‌وه، له ئێستەدا شه‌ش زیندانی به ناوه‌كانی هادی ڕۆسته‌می ٣٣ساڵان، مێهدی شه‌ره‌فیان ٣٧ ساڵ‌ان، مێهدی شاهیوه‌ند ٤٢ ساڵ‌ان، شه‌هاب ته‌یمووری ٣٤ ساڵ‌ان، مێهرداد ته‌یمووری ٣٩ ساڵ‌ان و كه‌سرا كه‌ره‌می ٤٠ ساڵ‌ان، به تۆمه‌تی «دزی» حوکمی بڕینه‌وه‌ی چوار په‌نجه‌یده‌ستی ڕاستییان بۆ دەر چووە.