تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی چوار هاووڵاتیی دەستبەسەرکراوی کورد بە ناوەکانی سەلاح عەلیزادە، لوقمان قادری، هێمن ئەرزەن و شوعەیب مەحموودی بەردەست نەکەوتووە، ئەم هاووڵاتییانە لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی پیرانشاری پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و سنەی پارێزگای کوردستان دەستبەسەر کراون.

تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ٣ هاووڵاتی بە ناوەکانی سەلاح عەلیزادە، لوقمان قادری و هێمن ئەرزەن لە ڕۆژانی ٢٩ و ٣٠ی ڕەزبەر و ٢ی گەڵاڕێزاندا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری پیرانشار دەستبەسەر کراون و گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

هەروەها شەوی سێشەممە ٤ی گەڵاڕێزان هێزە ئەمنییەکان هەڵیان کوتاوەتە سەر گوندی «میراو»ی سنە و هاووڵاتییەکیان بە ناوی شوعەیب مەحموودی دەستبەسەر کردووە و لە پشکنینی ماڵەکەیدا دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی شەخسییدا گرتووە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و تۆمەتەکانی سەر ئەم هاووڵاتییانە بەردەست نەکەوتووە.

بەپێی ئامارە کۆکراوەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە مانگی ڕەزبەری ١٤٠٠دا لانیکەم ٢٠ هاووڵاتی و چالاکی کورد لە شارە جیاوازەکانی پارێزگاکانی کوردستان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا و ئیلام بە تۆمەتی سیاسی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران یان هێزە ئینتیزامییەکانەوە دەستبەسەر کراون.