ئەنجومەنی قەڵەمی کورد لە ئەورووپا بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک وێڕای دەربڕینی ناڕەزایی لە سەپاندنی حوکمی ١١ ساڵ زیندان بەسەر ئارەش گەنجیدا، نووسەر و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کانوونی نووسەرانی ئێران، داوای کرد حوکمەکەی ئەو و نووسەرە و زیندانییەکانی تر لە ئێراندا هەڵبوەشێنرێتەوە.

ئارەش گەنجی لە ڕێکەوتی ١٠ی گەڵاڕێزاندا بۆ جێبەجێکردنی حوکم ڕەوانەی زیندانی ئێڤینی تاران کرا. ئەم نووسەر و وەرگێڕە پێشتر لە لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تاراندا بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێری دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» سزای ٥ ساڵ، «بانگەشەی دژی حکوومەت» سزای یەک ساڵ و «ئەندامبوون و هاوکاریکردنی گرووپە دژبەرەکانی حکوومەت» سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپابوو. بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، لە کۆی ئەم ١١ ساڵە، گەورەترین سزایان کە ٥ ساڵە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەڵگەی سەلماندنی تۆمەتەکانی ئارەش گەنجی بریتییە لە وەرگێڕانی کتێبێک لەژێر ناوی «کلیلی بچووکی دەروازە گەورەکان» سەبارە بە شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان.

لە دەستپێکی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی قەڵەمی کورددا کە نوسخەیەکی بۆ بڵاوکردنەوە بۆ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان نێردراوە، ئاوا نووسراوە: «بیستنی هەواڵی سزادانی نووسەر یان وەرگێڕێک لەسەر وەرگێڕانی کتێبێک سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی وڵاتێکی تر، گاڵتەجاڕ و تراژیک و پێشێلکردنی ئاشکرای مافی بنەڕەتیی ئازادیی بیرکردنەوەیە. بەچونیەکزانینی ڕوانگەی ڕەخنەگرانە و ئازادیی ڕادەربڕین و «تاوانی ئەمنی» خاڵی هاوبەشی حکوومەتە تۆتالیتەرەکانە، لەم حکوومەتانەدا نووسەران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی لەبەر دەربڕینی هێمنانە و ناتوندوتیژی ڕوانگەکانیان تاوانبار دەکرێن و سزا دەدرێن. ئەم بابەتە لە ئێراندا بە زۆری دەبینرێت و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ خێراییەکی زیاتریش وەردەگرێت».

لەم بەیاننامەیەدا ڕوو لە دەزگای دادوەریی ئێران وتراوە: «خەباتکردن لە پێناو ئازادیی ڕادەربڕیندا هیچ سنوور و بەربەستێک ناناسێت و بە دەستگیرکردن و سزادانی نووسەران، ڕەخنەگران و چالاکان قەت ناوەستێت. ئەم بڕیارە نادادپەروەرانەیە لە دژی ئارەش گەنجی دژایەتیی ڕاستەوخۆی هەیە لەگەڵ کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکانی مافی مەدەنی و سیاسیدا کە ئێران وەک ئەندام بەڵێنی جێبەجێکردنیانی داوە».
ئەنجومەنی قەڵەمی کورد لە کۆتایی بەیاننامەکەی خۆیدا وێڕای شەرمەزارکردنی دەرکردن و جێبەجێکردنی سزای زیندان بۆ ئارەش گەنجی، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کانوونی نووسەرانی ئێران و هەروەها سێ ئەندامی دیکەی ئەم کانوونە، ڕەزا خەندان (مەهابادی)، بەکتاش ئابتین و کەیوان پاژەن کە بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستبەسەر کراون، داوای لە بەرپرسانی ئێران کردووە زۆرخێرا و بەبێ هیچ مەرجێک ئەم کەسانە ئازاد بکرێن.