تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئیرەج عیبادی، ڕۆژنامەوان و نووسەری کورد، دوانیوەڕۆی دوێنێ پاش ٤ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی کەفالەت ئازاد کراوە. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ١٦ی گەڵاڕێزان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆی لە سنە دەستبەسەر کرابوو.

ئیرەج عیبادی، ٧٣ ساڵان، دانیشتووی سنە، خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری حەفتەنامەی «لووتکە»، نووسەر و مامۆستای خانەنشینە کە لە چەند ساڵی ڕابردوویشدا چەندین جاری تر لە لایەن دامەدەزگا ئەمنییەکانی شاری سنەوە بانگهێشت کراوە.