لە درێژەی شەپۆلی نوێی بانگهێشتکردن و دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورددا، ئەمڕۆ ٢٣ی گەڵاڕێزان هێزە ئەمنییەکان لانیکەم ٥ هاووڵاتیی کوردی دیکەیان لە شاری سنە و گوندی «نیەر» دەستبەسەر کردووە و گواستونیانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ناوەندیی ئەم دەزگا ئەمنییە.

لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گەڵاڕێزانەوە تا ئەمڕۆ، لانیکەم ٣١ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی گشتیی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستانەوە لە شارەکانی بانە، سەقز، مەریوان و سنە دەستبەسەر کراون.

بەپێی ئەو زانیارییانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بەدەستی هێناوە، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٣ی گەڵاڕێزان هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بەبێ نیشاندانی مۆڵەتی یاسایی ٤ هاووڵاتیی کوردیان بە ناوەکانی زانیار مینبەری، میلاد مینبەری، ئارەش مینبەری و سەیوان مینبەری لە گوندی نیەر دەستبەسەر کردووە. هەروەها ماڵی ئەم کەسانەیان پشکنیوە و دەستیان بەسەر هەندێ کەلوپەلی شەخسییاندا گرتووە.
هاوکات هاووڵاتییەکی تری خەڵکی سنە بە ناوی ئارام مورادیان دوای ئەوەی بانگهێشت کراوەتە بەردەم لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و سۆڕشی سنە، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە. ناوبراو پێشتر و لە ڕێکەوتی ٧ی گوڵانی ئەمساڵدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای ١٣٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرابوو.

ئاماری دەستبەسەرکراوان

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گەڵاڕێزان
سەلاح پزیشکی، ڕەفیق پزیشکی، مەناف پزیشکی، بێهزاد پزیشکی، کەریم پزیشکی، حاجی ئەبووبەکر پزیشکی، لوقمان پزیشکی، فەرزاد پزیشکی، فەرهاد پزیشکی، ئەحمەد پزیشکی، ئەرسەلان پزیشکی، کامران پزیشکی، سەعید ڕەشیدی، جەمال مروەتی و عوسمان محەممەدپوور لە گوندەکانی «چۆمان»، «نەمشیر»، «نەجنە» و «کۆپێچ»ی شاری بانە،
محەممەد مەهجوور و عەبدوڵڵا مەهجوور لە گوندی «ملقەڕنی»ی شاری سەقز.


ڕۆژی هەینی ٢١ی گەڵاڕێزان

کوردۆ حسەینپوور و عەلی لە شاری بانە

ڕۆژی شەممە ٢٢ی گەڵاڕێزان

کەیوان مینوویی، فەرید درەخشانی، ئیدریس بەهرامیان، محەممەد ئەحمەدی، عەبدوڕەحمان ئەفشار و عەبدوڕەحمان ئەشتەک لە گوندی «نێ»ی مەریوان

ڕۆژی یەکشەممە ٢٣ی گەڵاڕێزان

ئارام مورادیان لە شاری سنە

زانیار مینبەری، میلاد مینبەری، ئارەش مینبەری و سەیوان مینبەری لە گوندی «نیەر»ی سنە

هەروەها لە ڕۆژانی ڕابردوویشدا ٣ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «پیرعومران»ی سەقز بە ناوەکانی جەمال عەزیزی، سامان خەسرەوی و ئەیوب مینایی لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بە تەلەفۆن بانگهێشت کراون. جەمال عەزیزی و سامان خەسرەوی دوای چەند کاتژمێرێک ئازاد کراون بەڵام ئەیوب مینایی هێشتا هەر دەستبەسەرە.