دوابەدوای بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە لایەن تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانەوە سەبارەت بە زیندووبوونی ئیدریس فەقیهی، لە ئەندامانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) و بەندکرانی لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و پاش ئەوەی بنەماڵەکەی سەردانی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانیان لە پادگانی ئەلمێهدیی ورمێ کردووە، بەرپرسە ئەمنییەکان ڕایان گەیاندووە کە هیچ ئاگادارییەکیان لە چارەنووسی ناوبراو نییە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە پێشتر و دوابەدوای بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی ئیدریس فەقیهی، لە سەرەتاکانی مانگی ڕەزبەردا بەرپرسێکی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ زیندووبوونی ناوبراوی پشتڕاست کردبۆوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە بەردەست تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا بنەماڵەی ئیدریس فەقیهی بە مەبەستی ئاگاداربوونەوە لە دۆخی ناوبراو لە سنەوە چوونەتە ورمێ و سەردانی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانیان لە پادگانی ئەلمێهدیی ئەو شارە کردووە و دوای چەندین کاتژمێر چاوەڕوانی، بەرپرسە ئەمنییەکان ڕایان گەیاندووە کە ئاگایان لە ڕاگرتنی منداڵەکەیان لەو دەستبەسەرگەیەدا نییە.

سەرچاوەیەکی نزیک لەم بنەماڵەیە سەبارەت بەم بابەتە بە تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: «هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەیان وتووە بۆ وەرگرتنی زانیاری لەسەر چارەنووسی ئیدریس فەقیهی دەبێ سەردانی لقی ٦ی لێپرسینەوە بکەن. دوای ئەوەی بنەماڵەکەی سەردانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێیان کردووە، لێپرسەوەی لقی ٦ی لێپرسینەوە بە پێچەوانەی قسەکانی پێشووی بەرپرسێکی دادگای ورمێ، وتوویەتی ئاگامان لە چارەنووسی ئیدریس فەقیهی نییە».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «دایکی ئیدریس وەک پەرچەکردارێکی ناڕەزاییانە لە بەرامبەر ئامادەنەبوونی بەرپرساندا بۆ وەڵامدانەوە و ڕوونکردنەوەی چارەنووسی منداڵەکەی، ڕای گەیاندووە کە لە بەردەم دادگاکەدا خۆی دەسووتێنێت، بەڵام دادوەری لێپرسینەوە هیچ گرنگییەکی بەم هەڕەشەیە نەداوە و وتوویەتی هیچ کێشەیەک نییە و دوای خۆسووتاندنەکە ئاگرکوژێنەوە و ئامبوڵانس دێنە شوێنەکە».

بەرپرسانی دادسەرای گشتی و شۆڕشی ورمێ داوایان لەم بنەماڵەیە کردووە بگەڕێنەوە بۆ سنە و لە ڕۆژانی داهاتوودا لە چارەنووسی منداڵەکەیان ئاگادار دەکرێنەوە.

پشتڕاستکردنەوەی سەرەتا و حاشاکردنی دواتری دەستبەسەرکردنی ئیدریس فەقیهی لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە لە حاڵێکدایە کە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٠دا بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک ڕای گەیاند کە هەندێ بەڵگەی دەست کەوتووە کە دەیسەلمێنن ئیدریس فەقیهی، ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) کە پێشتر ڕاگەیەنرابوو لە شەرێکی نێوان هێزەکانی ئەم پارتە و هێزەکانی سپای پاسداراندا لە نزیک شاری بۆکانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا کوژراوە، زیندووە و لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێدایە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کەوتووە، دوای ڕوودانی شەڕەکە لە نێوان ئەندامانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان و هێزەکانی سپای پاسداراندا ئیدریس فەقیهی توانیویەتی خۆی بشارێتەوە، بەڵام دوای دوو ڕۆژ لە حاڵێکدا کە بریندار بووە لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەداوە دەستبەسەر کراوە. هێزەکانی سپا سەرەتا بردوویانەتە نەخۆشخانەی عارفیانی سپا لە ورمێ و دواتر گواستوویانەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا ئەمنییە.

ناوبراو سەرەڕای ئەوەی بە قورسی بریندارە و پێویستی بە وەرگرتنی چارەسەر و تەواوکردنی پرۆسەی دەرمانە، لە ژوورە تاکەکەسییە گشتییەکانی دەستبەسەرگەی ٧ی پووشپەڕی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێدایە لە پادگانی ئەلمێهدیی ورمێ.

لانیکەم دوو کەس لەوانەی لەم مانگانەی ڕابردوودا بۆ ماویەک لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداراندا بوون، ناوبراویان لە ژووری پزیشکیی ئەم دەستبەسەرگەیەدا دیوە.

لە ڕێکەوتی ٢ی گەلاوێژی ١٤٠٠دا تیمێکی چەندکەسی لە ئەندامانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە بەرزاییەکانی کوێستانی گوندی «عەلەمئاوا»ی بۆکان کەوتنە بۆسەی هێزەکانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەدای سپای پاسدارانەوە و بۆ ماوەی چەند دەقەیەک تێکهەڵچوونێکی قورس لە نێوان هێزەکانی هەردوو لادا ڕووی دا. لە ڕێکەوتی ٥ی گەلاوێژدا هەواڵنێریی تەسنیم لە زمانی قەرارگای حەمزەی سەیدولشوهەداوە هەواڵی کوژرانی دوو ئەندامی پارتێکی کوردی و دەستبەسەرکردنی ئەندامێکی برینداری ئەم پارتەی بڵاو کردەوە. پارتی ژیانی ئازادی کوردستانیش لە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژدا کوژرانی دوو ئەندامی خۆی بە ناوەکانی ئیدریس فەقیهی خەڵکی سنە و موحسێن قادری خەڵکی بۆکانی لە تێکهەڵچوونێکی چەکداریدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە نزیک بۆکان پشتڕاست کردبۆوە. بەڵام دوای ماوەیەک پەژاک بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی تر ڕای گەیاند کە موحسین قادری زیندووە و ئیدریس فەقیهییش دوای برینداربوون لە لایەن سپای پاسدارانەوە دەستگیر کراوە.