بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزدا لە زیندانی ئیلام زیندانییەک بە ناوی ڕوحوڵڵا مەلێکی دوابەدوای هەوڵی خۆکوشتن و لە حاڵێکدا کە مانی لە خواردن گرتبوو، لەبەر گوێنەدانی بەرپرسانی زیندان بە دۆخی ناجێگیری تەندروستیی، گیانی لەدەست داوە.

ڕوحوڵڵا مەلێکی لە ڕێکەوتی ٩ی سەرماوەزدا و دوای چوار ڕۆژ مانگرتنی ناڕەزاییانە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر ١٠ ساڵ دواکەوتنی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەی، لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی ئیلام لە ڕێگەی خواردنی حەبەوە هەوڵی خۆکوشتنی داوە. ناوبراو دوای ئەم ڕووداوە براوەتە نەخۆشخانەی زیندان و مەعیدەی پاک کراوەتەوە، بەڵام هیچ پێڕاگەیشتنێکی پزیشکیی بۆ نەکراوە و گەڕێنراوەتەوە بۆ ناو بەندی زیندان.

بە وتەی هاوبەندییەکانی ئەم زیندانییە، ناوبراو لە حاڵێکدا لە نەخۆشخانەوە گەڕێنراوەتەوە بۆ ناو بەند کە دۆخی تەندروستیی ناجێگیر بووە و هێشتا هەر لە مانگرتندا بووە. ڕوحوڵڵا مەلێکی پاش چەند کاتژمێرێک دیسانەوە لەبەر خراپبوونی دۆخی تەندروستی براوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی زیندان و لە ڕێکەوتی ١٠ی سەرماوەزدا گیانی لەدەست داوە.

هاوبەندییەکانی هەروەها ئەوەیان پشتڕاست کردۆتەوە کە ڕوحوڵڵا مەلێکی لە ڕێکەوتی ٧ی سەرماوەز و لە دووهەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا کەوتۆتە بەر لێدانی گاردی زیندانەوە و ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراوە.

ڕوحوڵڵا مەلێکی ٣٠ ساڵان، خەڵکی مێهران، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەشەمەدا بە تۆمەتی «کوشتنی بەئەنقەست» دەستبەسەر کرا و لە ساڵی ١٣٩٢ لە لایەن دادگای ئیلامەوە حوکمی لەسێدارەدان (قەساسی نەفس)ی بۆ دەرچوو.