ژمارەیەک لە زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیی زیندانی ناوەندیی ورمێ کە لە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی سەرماوەزەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر گواستنەوەیاندا بۆ بەندێکی سەرووئەمنیی تازە مانیان لە خواردن گرتبوو، ئەمڕۆ دوابەدوای دیدارکردن لەگەڵ سەرۆکی زیندان و بەڵێنی هاوکاریکردنی ناوبراو، کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێنا. ئەم زیندانییانە سەرەتا بۆ ماوەی ٥ ڕۆژ بەشەخواردنی دەوڵەتییان وەرنەگرتبوو و لە حەفتەی ڕابردوویشدا مانیان لە خواردن گرتبوو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢ی بەفرانبار سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ سەردانی بەندی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیی کردووە و لە دیدار لەگەڵ ٤٧ زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی مانگرتوودا داواکاریی نەگوێزرانەوە بۆ بەندە تازەکەی قبووڵ کردووە. زیندانییە مانگرتووەکانیش پاش بەڵێنی هاوکاریکردنی سەرۆکی زیندان کۆتاییان بە مانگرتنەکەیان هێناوە.

بە گواستنەوەی زیندانییەکان بۆ ئەم بەندە، پێوەندیی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی بە بەندەکانی تری زیندانەوە دائەبڕدرێت، هەروەها ئەم بەندە نوێیە بە بەراورد لەگەڵ بەندەکانی تری زینداندا ڕووبەر، خزمەتگوزاری و ئیمکاناتی کەمتری هەیە. ئەم بەندە لە تەنیشت بەندی کرێکاری و لە شوێنی پێشووی حەمامی سەرەکیی زیندان و لە دوو نهۆمدا دروست کراوە و نهۆمێکی تەرخان کراوە بۆ زیندانییانی دادسەرای سەربازی و نهۆمی خوارەوەیشی بۆ زیندانییانی سیاسی و مەزهەبی دیاری کراوە.

ناونیشانی ٤٧ زیندانیی سیاسی و مەزهەبی کە لەم ماوەیەدا مانیان لە خواردن گرتبوو: سیروان حسەینی ئەسڵ، سامان حسەینی ئەسڵ، مەحیەدین تازهوارد، داوود جەباری، سیروان ئەمینی، ئەمین دڵنشین، یاسر شەرافەدین، خالید فەرەیدوونی، ئەرسەلان خودکام، حسەین عوسمانی، مەحیەدین مەلائیبراهیمی، دارا ڕەشیدی، کەیوان ڕەشۆزاده، کامران قاسمی، کامیل سیدان مەسکەن، ئەنوەر چالشی، محەممەد سەعیدی، تۆفیق عەبدوڵڵاهی، محەممەد حسەین‌پوور، خەسرەو زەڕستان، سەید ئارام ئەمینولئیسلام، فەرشاد فەتاحی، حامید عەلی‌محەممەد مەشکوه، موختار ئیبراهیمی، ڕەحمەت دەریابەنده، سیاوەش جەوان، موحسێن مەحاڵی، تاهیر حسەین‌زاده، بێهزاد تەڵایی، هێمن چاوشین، بێهرووز براخاس، هووشەنگ چەمەن‌بەر، هیدایەت سڵێمان‌زاده، نایب عەسکەری، عەلی محەممەدی موقەدەم، عەبدولعەزیز گوڵمحەممەدی، حامید قەرەئاغڵانی، سەردار ئوزمەش، محەممەد بیرداڵ، ساکار عەینی، محەممەد هووشەنگی، فەرزاد سامانی، فیرووز مووسالوو، شاکر بێهرووزی دیزەج، کەیهان موکەڕەم، حاتەم ئوزدەمیر و مێهدی سانع فەرشی