تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی بەفرانبار، زیندانیی سیاسیی کورد خالید فەرەیدوونی لە بیست و دووهەمین ساڵی بەندکرانیدا بۆ یەکەم جار مۆڵەتی پشووی کاتیی پێ دراوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە دەورانی بەندبوونەکەی لە زیندانەکانی مەهاباد، ڕەجایی شار و ورمێ تێ پەڕاندووە و بە درێژایی ئەم ماوەیە مافی ئازادیی مەرجدار و پشووی کاتیی لێ زەوت کراوە.

خالید فەرەیدوونی، خەڵکی پیرانشار، لە ڕێکەوتی ١٠ی خەرمانانی ١٣٧٩ لەگەڵ عومەر فەقێپوور، هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان، لە گوندێکی پیرانشار لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کران و لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپا. ئەم حوکمانە ساڵی ١٣٨٤ لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا بە پلەیەک دابەزاندنەوە گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

ئەم دوو زیندانییە سیاسییە ساڵی ١٣٨٣ دوور خرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ و ساڵی ١٣٨٦یش بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ برانە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج. هەروەها ئەم دوو زیندانییە سیاسییە ساڵی ١٣٩٣ سەرلەنوێ گوازرانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.

عومەر فەقێپوور، هاودۆسیەی ئەم زیندانییە سیاسییە، لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا و دوای ٢٠ ساڵ بەندکران لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.