ڕۆژی ڕابردوو ٢٤ی ڕێبەندان، ڕەزا مەلازادە، زیندانیی سیاسیی کورد، دوای ١٠ ساڵ و ٦ مانگ لە زیندانی بورازجانی پارێزگای بووشێهر ئازاد کرا. ناوبراو بە درێژایی ئەم ساڵانە مافی پشووی کاتی و ئازادیی مەرجداری لێ زەوت کرابوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٢٤ی ڕێبەندان ئەم زیندانییە سیاسییە لە حاڵێکدا کە حوکمە ١٦ ساڵەکەی خۆی لە زیندانی بۆرازجان تێ دەپەڕاند، لەسەر ڕەزامەندیی کۆمیسیۆنی بەخشین و لێبوردنی دەزگای دادوەری دوای ١٠ ساڵ و ٦ مانگ لە زیندان ئازاد کرا.

ڕەزا مەلازادە خەڵکی گوندی ئاشناکی سەر بە شاری سەلماسی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوایە و لە کۆتاییەکانی هاوینی ١٣٩٠ لە نزیک شاری پاوەی پارێزگای کرماشان لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتڵاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا. ناوبراو سەرەتا برایە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری کرماشان و دوای چەند ڕۆژ گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی دیکە لە تاران.

ئەم بەندکراوە سیاسییە بۆ ساڵێک مۆڵەتی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەی پێ نەدرا و لە ساڵی ١٣٩١دا لە لایەن لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر سەڵەواتی، بە تۆمەتی «موحارەبە لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک)» حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بڕایەوە. ئەم حوکمە دوای تانەلێدان لە دیوانی باڵای ئێراندا کەم کرایەوە بۆ ١٥ ساڵ بەندکردن و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی بۆرازجان. هەروەها لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی «هاتوچۆی نایاسایی لە سنوورەوە» حوکمی ساڵێک بەندکرانی بە سەردا سەپاوە. ئەم زیندانییە سیاسییە دوای پەسەندکرانی حوکمەکەی، لە بەندیخانەی ئێڤینی تارانەوە دوور خرایەوە بۆ بەندیخانەی بۆرازجان.